کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نانەواخانەکانی سنە کێشی ئەنگوتکەکانیان کەم کردووەتەوە

13:22 - 24 رەزبەر 2720

نانەواخانەکانی شاری سنە بەهۆی گرانیی نرخی ئارد کێشی ئەنگوتکەکانیان کەم کردووەتەوە و یەکیەتیی نانەواخانەدارەکانی سنە لەو بابەتە ئاگادارە و ڕەوایەتیی پێ دەدات.

هەندێک لە نانەواخانەکان لە شاری سنەدا ماوەیەکی زۆرە دەستیان کردووە بە کەمفرۆشی و گرانفرۆشیی نان بە بیانووی جۆراوجۆرەوە و بەم شێوە گرانیی ئارد لە گیرفانی خەڵک قەرەبوو دەکەنەوە.

نانەواخانەدارەکان زۆر جار بە بیانووی لێدانی کونجی و سەبووسداربوونی نان، دۆخی ئێستای ئابووری و کرێ دووکانی قورس لە سنەدا کێشی ئەنگوتکەکان کەم دەکەنەوە و بەم شێوەیە نانی کەم بە خەڵک دەفرۆشن.

"ناسر ئەسەدی" سەرۆکی یەکیەتیی نانەواخانەدارەکانی سنە وتوویەتی: "نانەواخانەدارەکان دەستیان لەنێو گیرفانی خەڵکدایە و ئەنگوتکی نانەکانیان ١٠ هەتا ٢٠ گرەم کەم کردووەتەوە و دزی دەکەن و بەم شێوە تیچووەکانیان قەرەبوو دەکەنەوە گوشارێکیش ناکەوێتە سەر خەڵک".

بۆ نموونە نانی سەنگەک کە دەبێ ٤٥٠ گرەم بێت بە ٤٣٠ گرەمەوە بە خەڵک دەفرۆشرێت.

ئەم قسەیەی ئەسەدی نیشان دەدات سەرەڕای نکۆڵی کردنەکانی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە گرانبوونی ئارد قەیرانێک بوونی هەیە کە بەهۆیەوە نانەواخانەدارەکان دەیانهەوێت کە تێچوو و زەرەرمەندییەکانیان قەرەبوو بکەنەوە.