کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نان لەسەر سفرەی خەڵکی کوردستان و ئیران ماڵئاوایی دەکات

17:46 - 29 گەلاوێژ 2720

لە درێژەی شەپۆلی گرانییەکان لە کوردستان و ئێران، گرانبوونی نان لە هەموو کاتێک زیاتر سفرەی خەڵکی بەتاڵ کردووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نان لە چەند شارێکی کوردستان و ئێران ٥٠ لەسەد گران بووە و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی زیاتری خەڵک.

خەڵکی ناڕازی لە شارەکانی کوردستان و ئێران وتوویانە، سەرەڕای گرانکردنی هەر نانێک بۆ ٣٠٠ تمەن، هەندێک لە نانەواییەکان لە کێشی نانەکاندا غەدر لە خەڵک دەکەن و نانەکان لە کێش و قەبارەدا بچووکتر و لە نرخیشدا ٥٠ لەسەد گران کردووە و بەرپرسانی ڕێژیم لەوبارەوە هیچ چاوەدێرییەکیان نەبووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، یەکیەتیی نانەواییەکان لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان و ئێران، ئاخرین نرخی نانیان داوەتە نانەواییەکان و بەپێی ئەو پەسەندکراوەی یەکیەتیی نانەواییەکان، نان ٥٠ لەسەد گران بووە، بەڵام لەدوای ناڕەزایەتیی خەڵک لەهەمبەر گرانیی نان، بەرپرسانی ڕێژیم وتوویانە کە نانەواییەکان سەرەڕۆیانە نرخی نانیان گران کردووە و پێوەندیی بە ئێمەوە نییە.

لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا ئەمە دووەمین جارە نان گران دەبێت؛ سەرەتا هەر نانێکی لەواش بە ٢٠٠ تمەن بووە و لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵ نرخی هەمان نان بە ٢٥٠ تمەن و ئێستەش لە نوێترین نرخی خۆیدا هەر نانێک ٣٠٠ تمەنە.