کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نان لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێران بە قیستی دەفرۆشرێت

11:24 - 18 سەرماوەز 2720

لە پارێزگا و شارە پەراوێزخراوەکانی باشووری ئێران بەهۆی نەبوونی کار و بژێویی ژیان خەڵک نان بە شێوەی قیستی لە نانەواخانەکان وەردەگرن.

یەکێک لە ماڵپەڕەکانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە بەهۆی هەژاریی بەربڵاو، نانەواخانەکان لە "زابۆل و قەسر قەند" لە پارێزگای "سیستان و بەلووچستان" و هەروەها لە "ڕوودان و دەشتی" لە پارێزگای "هۆرمۆزگان" نان بە شێوەی قیستی بە خەڵک دەفرۆشرێت.

هەندێک لەو نانەواخانانە لەباتیی وەرگرتنی پاره کارتی پێناسی خەڵک لەلای خۆیان ڕادەگرن و هەندێکیش لەسەر حسێبی متمانە و ناسیاوی، تەنیا ناوی کڕیاران و قەرزەکەیان لە دەفتەرێکدا دەنووسن.

خاکی سوێر و نەبوونی ئاو بووەتە هۆی ئەوەی کە زەوینەکانی سیستان و بەلووچستان خاکێکی سووتاوی لێ بەجێ بمێنێت و باخەکانی مۆز و خورما وشک ببێت. نزیکەی هەزار هێکتار لە زەوینەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان "چایی تورشـ"ـی تێدا دەچێندرێت، بەڵام ئەو زەوینانە خاوەنداریەتیی بە خەڵک نییە.

"ڕەحیم پەرمووتە" نانەوایەکی خەڵکی سیستان و بەلووچستان وتوویەتی: "خەڵک هەموو مانگێگ چاوەڕوانی وەرگرتنی یارانەکانیانن تا بەو پارەیە قەرزی نانەواخانەکان بدەنەوە و جارجارێکیش خێرخوازێک پەیدا دەبێت کە دەچێتە نانەواخانەکان و قەرزی خەڵک لە نانەواخانەکاندا دەداتەوە، بەڵام ئەمە چ سوودێکی هەیە؟".

تەنانەت خەڵک زۆر جار چاوەڕوانن تا خۆراکێکی گەرم لەلایەن خێرخوازێکەوە پێیان بدرێت و ژەمێک نانی گەرم بخۆن.

نرخی پەراوێزنشینی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان نزیکەی ١٠ تا ١٥ لەسەد زیاتر لە نێونجیی نرخی پەراوێزنشینی لە ئێراندایە. پێشتر بەرپرسانی ڕێژیم ئاماری پەراوێزنشینییان لە ئێران ٢٥ تا ٣٠ لەسەدی کۆی گشتیی حەشیمەتی ئەو وڵاتە ڕاگەیاندبوو.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان پارێزگای "سیستان و بەلووچستان" لەڕووی پێوەرە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە "گەشەنەکردووترین" پارێزگای ئێرانە.