کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نان و ئارد له‌ كوردستان ده‌ست ناکەوێت

10:59 - 22 رەزبەر 2720

لە زۆربەی شارەکانی کوردستان جیا لەوەیکە نان بەسەختی دەست دەکەوێت لە هەمان کاتدا نرخی ئارد لە بازاڕی ئازاد بووەتە ١٢٠ هەزار تمەن.

تەواوی نانه‌واخانه‌كانی‌ شارەکانی بۆکان، نەغەدە، مەهاباد، میاندواو و ورمێ، هەروەها تەواوی گوندەکانی ناوچەی چۆمی مەجیدخان بەهۆی کەمیی ئارد و گرانبوونی ئاردی ئازاد کێشەیان هه‌یه ‌‌و ئه‌و كێشه‌یە به‌رۆكی‌ هه‌موو خه‌ڵكی‌ گرتووەته‌وه‌.

خەڵک زۆر بەسەختی نانیان دەست دەکەوێت و زۆربەی خەڵک ئامادەن بە نرخێکی زۆرتر نان بکڕن به‌ڵام دەستیان بكه‌وێت‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌ بارودۆخی‌ ئارد‌ و نان له‌ بۆكانه‌وه‌ ڕایگه‌یاندووە: "ئەو کێشەیە دوو مەبەستی هەیە، یەکەم ئەوەیکە ڕێژیم دەیهەوێت نرخی نان زیاد بکات و دووەم ئەوەی کە بە ترێلی‌ ئارد ڕەوانەی عێراق و ئەرمەنستان دەکرێت".

هه‌ندێک لە نانه‌وا‌خانەكان‌ و ئاردفرۆشه‌كانی‌ سەر بە سپای پاسداران ئاردێکی زۆریان ئەنبار کردووه ‌‌و نایفرۆشن.

هه‌روه‌ها نانه‌واخانەیه‌ک له‌ ناوچه‌ی‌ چۆمی‌ مه‌جیدخانه‌وه‌ باسی لەوە کردووە: ‌"خه‌ڵک جاری‌ وایه‌ بۆ ته‌نیا نانێكی‌ ئیزافه‌ لێمان ده‌پاڕێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ كه‌میی‌ نان‌ و ئارد ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌مان نییه ‌‌و به‌ ناچار نانی‌ كه‌م به‌ خه‌ڵک ده‌ده‌ین كه‌ به‌شی‌ هه‌موو بنه‌ماڵه‌كان بكات، به‌ڵام دیسان به‌ش ناكات".

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەتا ئێستا له‌ چه‌ند شوێنیش خه‌ڵک له‌ سه‌فی‌ نانه‌واخانه‌کاندا له‌سه‌ر نان بووەته‌ شه‌ڕیان.