کوردستان میدیا

چوارشەممه 5ی سەرماوەز 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوچەی سەوزی بەغدا کرایە ئامانجی هێرشی ڕاکێتی

11:35 - 28 خەزەڵوەر 2720

لە دوای ڕاگەیاندنی کەمکردنەوەی ڕێژەی هێزەکانی ئامریکا لەلایەن دەوڵەتی "ترامپـ"ـەوە، لە ڕێگەی چوار "ڕاکێتـ"ـەوە هێرش کرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا.

ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەر، کاربەدەستانی ئەمنییەتیی عێراق بڵاویان کردەوە: "لە دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ترامپ بەنیسبەت کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانیان لە خاکی عێراق لە ساڵی داهاتوودا، بە چوار ڕاکێت ناوچەی سەوزی بەغدا کراوەتە ئامانج".

ئەو هێرشە بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغدا لە کاتێکدا بووە کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ئەمساڵدا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندبوو: "هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئامریکایان لە بەغدا ڕاگرتووە، بەو مەرجەی بەغدا کاتێکی دیاریکراو بۆ چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئامریکا لە خاکی عێراق بخاتە ڕوو".

پێشتر سەرپەرستی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا "پێنتاگۆن" ڕایگەیاندبوو: "ڕێژەی هێزە نیزامییەکانی ئامریکا لە هەر کام لە وڵاتانی عێراق و ئەفغانستان بۆ ٢٥٠٠ سەرباز کەم دەکاتەوە".