کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوی شەش کەسی دیکە لە کوژراونی سوپای پاسداران لە سووریه‌ بڵاو کرایەوە

20:23 - 18 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە چەندین هەواڵی جیاوازدا کوژرانی شەش ئەندامی دیکەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەیان بڵاو کردەوە.

هەواڵدەریی فارس، سەر بە سوپای پاسداران، ڕۆژی یەکشەمە هەواڵی کوژرانی مەیسەم مەدواری، عەلی تەمام زادە و ئیسماعی سیرەت نیای لە سووریه‌ بڵاو کردەوە.

ئەو هەواڵدەرییە هەروەها، هەواڵی کوژرانی محەمەد حوسێن‌خانی و مووسا جەمشیدیانی لە ژێر ناوی پارێزەرانی بارەگای حەزرەتی زەینەب بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، مووسا جەمشیدیان، سەرگوردی تیپی ٨ی نەجەف‌ئاوا و بەرپرسی گرووهانێکی ئەو تیپە بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هەواڵدەرییەکانی دیکەی سەر بە ڕێژیم هەواڵی کوژرانی محەمەد حوسێن عەزیزئابادی ، ئەندامی تیپی زرێهی سەربەخۆی ئیمام ڕەزایان لە سووریه‌ بڵاو کردووەتەوە.

ڕێژیمی ئێران چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هێزە نیزامییەکانی ئەو ڕێژیمە تەنیا بە مەبەستی ڕاوێژ بە هێزەکانی بەشار ئەسەد چوونەتە سووریه‌، بەڵام هێزە ئۆپۆزێسیۆنەکانی سووریه‌، لە شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتەدا، باس لە بەشداری هێزەکانی سوپای پاسداران لەپاڵ هێزەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە هەواڵییەکانی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندووە کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕێژەی هێزەکانی ئێران لە سووریه‌ گەیشتووەتە ٢٠٠٠ کەس.

ئەو ڕاپۆرتانە لە حالێکدایە کە عەلی شەمخانی، دەبیری شوورای ئەمنیەتی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەر، لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا هەوڵدان بۆ مانەوەی بەشار ئەسەدی بە پاراستنی ئەمنیەتی ڕێژیمی ئێران گرێدا و وتی ئەگەر ڕێژیمی بەشار ئەسەد بڕووخێت چارەنووسی خەڵکی عێراق و لوبنان چی دەبێ و ئەگەر ئەو وڵاتانە لە ڕووخانی سووریه‌ خەساریان بەر بکەوێت، چارەنووسی ئێمە و تاران چی دەبێت؟

لە قەیرانی سووریه‌دا ڕێژیمی ئێران پشتیوانی بەشار ئەسەد دەکات و لە بەرامبەردا، عەرەبستان، ئامریکا و هێندیک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچە پشتگیری ئۆپۆزێسیۆنی سووریه‌ دەکەن.