کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ناوەندی نێرگز" بەبۆنەی ١ی ژوئەن، ڕۆژی جیهانیی منداڵان پەیامێکی بڵاو کردەوە

11:19 - 12 جۆزەردان 2720

"ناوەندی نێرگز" بەبۆنەی ١ی ژوئەن، ڕۆژی جیهانیی منداڵان، ڕوو لە منداڵانی کوردستان و منداڵانی نێو داوێنی شۆڕش، پەیامێکی بڵاو کردەوە. ناوەندی نێرگز لەو پەیامەدا ئاواتەخوازە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە نیشتمانێکی ئازاد، منداڵانی کورد جێژنی خۆیان بگرن و بە خەون و خەیاڵە ڕەنگینەکانیان داهاتووی نیشتمان بنەخشێنن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

منداڵانی خۆشەویستی کوردستان!

منداڵانی نێو داوێنی شۆڕش!

ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرەوپیریی ڕۆژی جیهانیی منداڵان دەڕۆین کە بەداخەوە پەتایەکی گشتگیر بەرۆکی جیهان بەگشتی و نیشتمانی ئێـمەی بەتایبەتی گرتووە، لە کاتێکدا ئاواتمان بۆ ئەوە دەخواست کە پێکەوە جێژن و شادی بگێڕین و لەگەڵ پێکەنین و خەندەکانی ئێوە خەونی ڕەنگاوڕەنگ ببینین، بەڵام ئەمڕۆ لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سڵامەتیی کۆمەڵگەکەمان بە دڵێکی پڕ لە هیواوە بۆ داهاتوویەکی نزیک دەڕوانین کە تێیدا بە دیداری ئێوە شاد بین و پێکەوە بەرەو بەدیهێنانی ئاوات و خۆزگە ناوازەکانی دونیای جوان و بێگەردی ئێوە هەنگاو بنێین.

منداڵان داهاتوو و سەرمایەی هەر کۆمەڵگەیەکن، هەر بۆیە وڵاتانێک کە خاوەنی سیستمێکی ئازاد و دێموکراتن وێڕای چەسپاندن و دابینکردنی مافەکانی منداڵان لە وڵاتەکانیاندا هاوکات لە ڕێگەی سیستمێکی پەروەردەیی سەردەمیانەوە هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەش بۆ منداڵانیان دەدەن، بابەتێک کە بەداخەوە تا ئێستاش بۆ منداڵانی کورد لەژێر سێبەری دەسەڵاتی داگیرکەردا بەدی نەهاتووە و تا ئێستاش منداڵانی نیشتمانەکەمان لە خوێندن و فێربوون بە زمانی دایکیی خۆیان بێبەشن و ئەوە سەرەڕای بێبەشبوونی منداڵان لە زۆرێک لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆیانە، چونکە دەسەڵاتی داگیرکەر کە خاوەن دونیابینییەکی تەسک و داخراوە، لەگەڵ دونیابینیی ڕەنگین و خەیاڵی منداڵان کە سنوور و چوارچێوەکان ناناسێت، پێکناکۆکە.

ئێمە لە ناوەندی نێرگز بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵان وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە هەموو منداڵانی کوردستان، سڵاوێکی گەرم ئاراستەی مامۆستایان و دایکان و باوکان و چالاکانی بواری منداڵان دەکەین کە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی داگیرکەردا توانیویانە منداڵانی نیشتمانمان بە زمانی دایکی پەروەردە بکەن و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گۆشکردن و پێگەیاندنی نەوەی داهاتووی کوردستان بە پەروەردەیەکی نەتەوەیی.

لە کۆتاییدا ئاوات بۆ ئەوە دەخوازین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە نیشتمانێکی ئازاد، منداڵانی ئێمە جێژنی خۆیان بگرن و بە خەون و خەیاڵە ڕەنگینەکانیان داهاتووی نیشتمان بنەخشێنن.

ناوەندی نێرگز بۆ پەروەردەی منداڵان و مێرمنداڵانی کوردستانی ئێران

١ی ژوئەنی ٢٠٢٠