ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کۆ بوونەوە و چەندین بابەتی وەک دۆخی سیاسیی ئێستای کوردستان و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەیان خستە بەر باس. لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە کرا، پرۆسەی ئاشتیی عەرەب و ئیسرائیل هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەكە بە زیانی ڕێژیمی تاران گۆڕیوە.
ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی (٢٦/١٠/٢٠٢٠) ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران كۆبوونەوەیەكیان بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە برد.
سەرەتای كۆبوونەوەكە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ یادی گیانبەختكردووانی ئەم دواییانەی دەستی تاوانی كۆماری ئیسلامی دەستی پێكرد.
پاشان یەكەم تەوەری كۆبوونەوەكە كە هەڵسەنگاندن، تاوتوێكردنی بارودۆخی ئێستای ئێران و ناوچەكە و كاریگەرییەكانی هەڵبژاردەكانی ئامریکا بوو لەسەر ناوچەكە، خرایە بەر باس و نوێنەرانی حیزبەكانی ئەندام لە ناوەند ڕا و بۆچوونی خۆیان لەمبارەیەوە خستە ڕوو.
لەم باسەدا بە ئاماژە بە دۆخی ئێستای ئێران و كوردستان لە سەردەمی پەرەسەندنی دووبارەی پەتای كۆرۆنا، بۆ جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە دەسەڵاتدارانی ئێران نەک هەر نەیانتوانیوە لەم قەیرانەدا هاوكار و یارمەتیدەری خەڵک بن، بەپێچەوانەوە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییەیان كردە ئامرازێک بۆ بێدەنگكردنی زیاتری خەڵک.
ئەگەرچی هاتنی كۆرۆنا بۆ ماوەیەكی كاتی بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی لە ئێران و كوردستانی كەم كار كرد، بەڵام بەهۆی ناكارایی ڕێژیم لە پێدانی خزمەتگوزاریی سەرەتایی و دۆخی دژواری ئابووریی خەڵک، زیاتر لە جاران ڕق و بێزاری لە دەسەڵاتی نگریسی كۆماری ئیسلامی لەنێو كۆمەڵانی خەڵكی ئێران و كوردستاندا پەرەی سەندووە.
هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزبەكانی ناوەند هەروەها هاوڕابوون لەسەر ئەوەیکه هەتا دێت دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی و بەتایبەت لە وڵاتانی ناوچەكە كەمتر دەبێت.
پرۆسەی ئاشتیی عەرەب و ئیسرائیل هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەكە بە زیانی ڕێژیمی تاران گۆڕیوە، لەلایەكی ترەوە بەهۆی سیاسەتی نوێی دەوڵەتی عێراق و بە پشتگیریی ئامریكا هەتا دێت میلیشیاكانی سەر بە ئێران لەم وڵاتە دەسەڵاتیان نامێنێت و هێژمۆنیی كۆماری ئیسلامی كەم دەكات.
نیشانەكان وا دەردەخەن كە كۆماری ئیسلامی بەهۆی گوشاری دەرەكی و دۆخی نێوخۆی ئێران، لە ناوچەكەدا لە حاڵی پاشەكشەیە و سیاسەتی هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەرەو شكان هەنگاو دەنێت.
كاریگەرییەكانی هەڵبژاردنەكانی ئامریكا لەسەر ئێران و ناوچەكە لە میانەی ئەم تەوەرەدا قسە و باسی لەسەر كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئامریکا بە قازانجی كۆمارییەكان بێت یان دێموكراتەكان، سیاسەتی ئامریكا لە بەرامبەر ئێران گۆڕانی ئەوتۆی بەسەردا نایەت و ئامریكا بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی سیاسەت دەكات، بەڵام ڕەنگە میكانیزمی دێموكراتەكان و كۆمارییەكان بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتی ئێران جیاوازییان هەبێت و دێموكراتەكان بەرامبەر بە ئێران زیاتر نەرمی بنوێنن. لە ئەنجامدا ئاكامەكەی ئەوە دەبێ كە گەمارۆكان لەسەر ئێران چڕوپڕتر دەكەن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە كە تێچووی ئەو گەمارۆیانە لە تەواوییەتی ڕێژیم شوێندانەر دەبێت، لێرەدا ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە دەبێ بە پشتبەستن بە ئیرادەی گەلی كورد و هێزی پیشمەرگە گڕوتینێكی زیاتر ببەخشین بەو خەباتە.
ئەگەری چەندین سناریۆ بۆ داهاتووی ئێران قسە و باسی لەسەر كرا كە دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم جومگە ئابوری و سیاسییەكانی ئێران لەلایەن سپای پاسداران وەک هێزێكی سەرەكیی پارێزەری كۆماری ئیسلامی یەكێكە لەو سیناریۆیانە. بەڵام ئەوەی ئاشكرایە كە جووڵانەوەی ناڕەزایی خەڵک لە كۆماری ئیسلامی لە هەر حاڵەتێكدا ڕەوتی خۆی دەپێوێت و ڕق و بێزاریی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران لە ئان و ساتی تەقینەوەدایە بەڕووی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی.
لە كۆتایی ئەم باسەدا لایەنەكان جەختیان لەسەر كاراتركردنی ناوەندی هاوكاری كردەوە و پێیان وابوو كە ناوەندی هاوكاری دەتوانێت بە بەئەنجام گەیاندنی پرۆژە و پلانەكانی خۆی لە داهاتووی كوردستانی پاش كۆماری ئیسلامی دەور و نەخشی سەرەكی بۆ پێكهێنانی یەكگرتوویی لەنێوان خەڵک و حیزبەكانی كوردستان بگێڕێت.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا چەندین تەوەری پەیوەندیدار بە كارەكانی ناوەند قسە و باسیان لەسەر كرا.