کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەستخۆشی لە خەڵکی کوردستان کرد

12:24 - 6 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە کوردستان سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان کرد.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی بەڕێوەچونی پڕشکۆی ئاهەنگەکانی نەورۆز

خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری کوردستان

هەر وەک لای هەمووان ئاشکرایە نەورۆز نوێبوونەوەی ساڵ و کۆتایی هاتن بە وەرزی سەرما و سەخڵەتە و دەستپێکی ژیانێکی نوێیە بۆ مرۆڤ و گیانلەبەران و دار و کەژ و چیا ، بەڵام بۆ ئیمەی کوردستانیان نەورۆز هێمای رۆژی هەستانەوەیە و رۆژی سەرکەوتنی خۆری ئازادییە بەسەر بەستەڵەکی ژێر دەستەیی و زۆرداریدا.

لە کوردستانی ژێر دەستی ئیستبدادی کۆماری ئیسلامی ئەمساڵیش نەورۆز بوو بە هەوینی تەبایی و برایەتی نەتەوەیی، خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە و بێ لەبەرچاوگرتنی ناوچە و بیر و باوەر و ئائین و مەزهەبیی جیاواز بە پیر بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانەوە هاتن و نیشانیان دا کە خەڵکی کوردستان وحیزبەکان لێک جیا نین. وەک لە شەش مانگی رابردووشدا خەڵکی کوردستان دوو جار (٢١ی خەرمانان ١٣٩٧و رێورەسمەکانی نەورۆزی ١٣٩٨) سەلماندیان کە سیاسەتی کوشتن و ئیعدام وزیندانی کردن لە ماوەی چل ساڵی رابردوو دا کە لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان بەرێوەچوون ، نەیتوانیووە بە سەر ئیرادەی نەتەوایەتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵ بێ و خەڵک و حیزبەکان لە یەکتر داببرێ.

خەڵکی بە ئیرادە و ماندوونەناسی کوردستان

لە ئاھەنگەکانی نەورۆزدا لە شار و دیھات، لە شەقام و کۆڵان و شاخ و مەزرا سەلماندتان کە چ ھێزێکی بەرین و چ شەوقێکی گەورە بۆ ڕزگاریی نیشتمان لە ناختاندا بوونی ھەیە. ئێوە یەکگرتوانە سەمای ئازادیتان نواند و بە جامانە و هەوری و گوڵی سور چاوی داگیرکەرانتان کوێر کرد. نەورۆزی ئەمساڵ ھەر ئاھەنگی خۆشی و شادی نەبوو، بەڵکوو نومایشی گەورەی ھێزی گەل و کوردستان بوو کە سەرەڕای ھەڕەشە و زەبر و زەنگی ڕێژیم و ھێنانی ھێزی نیزامی بۆ شار و شەقام و سنورەکان، ئێوە توانیتان ئاھەنگی نەورۆز گەورەتر و بە پانتایی ھەموو کوردستان بە شکۆوە بەڕێوە بەرن.

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەستخۆشی لە بوێریتان، ئەو سەرکەوتنە مەزنەتان لێ پیرۆزبایی دەكات. نیشانتان دا کە پێشەنگن له شۆڕش و وەستانەوە بەرانبەر بە زوڵمی زاڵم. ئێوە سەلماندتان بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان پێشەنگه لە شێوازی خەباتی مەدەنی . ئێمەش وەک ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستان بەڵێنتان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە کە لەمساڵدا ھەنگاوی گەورەتر بەرەو یەکگرتویی و یەکدەنگی ھەڵبگرین.

بێگومان بە دەنگەوە ھاتن و جۆش و خرۆش و ئاواتی ئێوە بۆ یەکریزی بێ وڵام ناھێڵینەوە و ھەموو ھەوڵەکانمان لەو بوارەدا چڕ دەکەینەوە.

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران

سەرکەوتوو بێ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی