کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوە برد

11:04 - 18 رێبەندان 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەمجارەی خۆیدا پەڕژایە سەر باس و بابەتەکانی ڕۆژەڤی ئەم دواییانە و بە وردبینییەکی زیاترەوە هەڵویستەی لەسەر کرد.

ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوە برد.

کۆبوونەوەکە دوای چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی هەموو گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی  گەلی کورد دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.

تەوەری یەکەم و سەرەکیی ئەو کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە بڵاوکراوەکانی ئەم دواییانەی دەنگوڕەنگی (صدا و سیما)ی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی هێزەکانی کوردستانی ئێران.

دوای لێکدانەوە و قسە و باس لەسەر ئەو بابەتە هەموو لایەک لەسەر ئەو بابەتە کۆک بوون  کە ئەمە وەک هەمیشە دەستپێکی پیلانێکی گەورەترە بۆ سەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و حیزبەکانی. هەر بەو مەبەستە وا بڕیار درا کە بە وردبینییەکی زیاترەوە بڕواندرێتە سەر ئەم بابەتە و بە شێوەیەکی گۆنجاو بەرهەڵستی ئەم هەڵسوکەوتانە ببنەوە.

لە بڕگەیەکی تری کۆبوونەوەکە باسێک لەسەر دەستبەسەرکراوانی ماوەی پێشووی کوردستان کرا و کۆمەڵێک ئەرکی کردەیی وەک ئەرکی ناوەند و هێزەکانی بەشداربووی دیاری کرا.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بابەتێکی‌ تریش هاتنە بەر باس و قسەیان لەسەر کرا و بۆ هەرکامەیان بە یەکدەنگیی تەواو ڕێگەچارەی گونجاو دیاری کرا.

لە کۆتاییشدا وێڕای دووپاتکردنەوەی پێویستیی هاوکاری و هاپەیوەندیی زیاتر، جەخت لەسەر ئەم بابەتە کرایەوە کە لایەنەکانی ناوەند دەبێ هەموو هەوڵی خۆیان بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی کۆماری ئیسلامی کە مەبەستی کەلێن خستنە نێو هێزە کوردییەکانی کوردستانی ئێرانە بخەنە گەڕ و ئەم ڕاستییە دووپات و چەندپاتە بکرێتەوە کە لە ڕوانگەی ئێمەوە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران تەنیا یەک دوژمنی هەیە و ئەویش کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.