کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئێعدامی "مستەفا سەلیمیـ"ـی مەحکووم کرد

12:13 - 28 خاکەلێوه 2720

١٧یەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە بەڕێوە چوو.

بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، ١٧یەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بەشداریی هەیئەتەکان لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە پێک هات.

سەرەتا "محەممەدنەزیف قادری"، بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی دەورەیی ناوەند، ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی ناوەندی پێشکەش بە بەشدارانی کۆبوونەوەکە کرد.

دوای تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە، وێڕای ماندوونەبوونی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەستخۆشی لە ڕاپەڕاندنی کارەکان و پێکهێنانی هاوئاهەنگی  لەنێوان لایەنەکاندا، ڕاپۆرتەکە پەسەند کرا.

لە بەشێکی دیکەی کاری کۆبوونەوەدا باس لە بەرنامەکانی داهاتووی ناوەند کرا و بڕیار درا لایەنی بەرپرسی دەورەیی، "حیزبی دێموکراتی کوردستان" دەبێت.

بەپێی سروشتی هەرکام لەو بابەتانەی کە لە بەرنامەی نێوخۆیی ناوەنددا جەختیان لەسەر کراوە، ڕاوێژ لەگەڵ هەیئەتەکانی ناوەند بکرێت و لە چوارچێوەی پرەنسیپە گشتییەکانی ناوەنددا ڕایپەڕێنن.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا پرسی لەسێدارەدانی "مستەفا سەلیمی" خرایە بەر باس.

دوای تاوتوێکردنی زانیارییەکان وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی "مستەفا سەلیمی" و ڕیسواکردنی ئەو تاوانەی ڕێژیمی دژەمرۆیی ئیسلامیی ئێران، وەک ھەموو تاوانەکانی دیکەی و ھاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی بەڕێزی "مستەفا سەلیمی"، ناوەند پێداگریی کرد لەسەر ڕوونکردنەوەی ئەو بابەتە لەلایەن لێژنەی لێکۆڵینەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی ئەو ڕووداوە و ڕاگەیاندنی ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوە بۆ ڕای گشتی و گەلی کورد.

لە کۆتاییدا بەشداربووان لە کەشێکی دۆستانەدا کۆتاییان بە کۆبوونەوەکە هێنا.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی