کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: جێگە دەستی ڕەشی تاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کردەوەی تێرۆریستیی هەولێردا ئاشکرایە

10:39 - 29 رێبەندان 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویان کردووەتەوە: "لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم جارەش جێگەدەستی ڕەشی تاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم کردەوە تێرۆریستییەشدا ئاشکرایە و هەمووان دەزانن کە کۆماری ئیسلامییە کە بە دنە دان و چەک پێدان و کەڵکوەرگرتن لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە، دوژمنی سەرەکیی  ئارامی و سەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیاندراوی ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی مووشەکبارانی شاری هەوڵێر

هاونیشتمانییانی بەڕێز!

هەر وەک ئاگادارن شەوی ١٥/٢/٢٠٢١ زایینی، ١٤مووشەک ئاراستەی شاری هەولێر و فڕۆکەخانەكەی كرا و چەند گەڕەکێکی ئەو شارە بوونە ئامانجی ئەم مووشەکانە. بەداخەوە لە ئاکامی ئەم کردەوە تێرۆریستییەدا یەک كەس بوو بە قوربانی و ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون. بکەرانی ئەو کردەوە تێرۆریستییە لەلایەن هەر گرووپ و دەوڵەتێکەوە بێت بەتوندی مەحکوومی دەکەین.

هەروەها داوا لە لایەنە پێوەندیدارەکان لە عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تێرۆریزم و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەین بە جیدی بەدواداچوون لەم کردەوە تێرۆریستییە بکەن و تێرۆریستان و بکەرانی ئەم کردەوە تێرۆریستییە بە ڕای گشتی بناسێنن و بە سزای خۆیانیان بگەیەنن.

لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم جارەش جێگەدەستی ڕەشی تاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم کردەوە تێرۆریستییەشدا ئاشکرایە و هەمووان دەزانن کە کۆماری ئیسلامییە کە بە دنە دان و چەک پێدان و کەڵک وەرگرتن لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە،  دوژمنی سەرەکیی  ئارامی و سەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

دیارە ئەمە یەکەم جار نییە کە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەوێتە بەر هێرشی تێرۆریستی و دەکرێتە ئامانجی نەیارانی ئەم هەرێمە و جاری کۆتاییش نابێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم کردەوە تێرۆریستییە بەتوندی مەحکووم دەکات و هیوای لەشساغیی دووبارە بو بریندارانی ئەم ڕووداوە دەخوازێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی