کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەتایبەتی تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران و کوشتنی کۆڵبەران لە چیاکانی کوردستان مەحکووم دەکات و لە هەمان کاتدا هاودەردیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی نان و ژین دەردەبڕێت.
ناوەندی هاوکاری لە پەیامێکدا بڵاوی کردووەتەوە، له ڕۆژانی ڕابردوودا چەند لاوێكی كوردی خەڵكی مەریوان و دەوروبەری کە بۆ بەدەستهێنانی بژێویی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان بۆ کۆڵبەری ڕوویان لە سنوورەکانی کوردستان كردبوو، تووشی سەرما و بەفر دەبن کە بەداخەوە کەسێکیان گیانی لەدەست دەدات.
لەو پەیامەدا هاتووە، تەنیا لە یەک حەوتووی ڕابردوودا ١٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، پیرانشار، سەردەشت و بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران یان بەهۆی سەرما و بەفرەوە گیانیان لەدەست داوە و بریندار کراون.
لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتووە، چارەنووسی کۆڵبەرێکی تەمەن ١٤ ساڵان بە ناوی "فەرهاد خوسرەوەی"، خەڵکی "گەورە دێی نێـ"ـی سەر بە مەریوان هێشتا نادیارە.
لە کۆتایی ئەو پەیامەدا هاتووە، ئێمە ئەم کوشتار و کردەوانەی ڕێژیمی ئیسلامی بەتوندی مەحکووم دەکەین و سەرەڕای چڕکردنەوەی هەوڵە نێوخۆیی و دەرەکییەکانمان بۆ گوشار خستنە سەر ڕێژیمی ئێران و پاراستنی گیانی کۆڵبەران، هەستی هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆمان بۆ بنەماڵەی قوربانییانی نان و ژیان دەردەبڕین. هەروەها ڕێژیمی ئیسلامی بە بەرپرس و هۆكاری سەرەكیی ئەم چەشنە ڕووداوانە دەزانین و هەر لەو پێناوەدا جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە پێویستە سیاسەتی هەڵاواردن و پشتگوێخستنی کوردستان کۆتایی پێ بێت و دەسەڵاتی ناوەند لە بەرامبەر كێشەی كۆڵبەران و پاراستنی گیانیان بەرپرسیار بێت.