کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: هاوکاریی نیزامی زەروورەتێکی مێژووییه

09:45 - 27 پووشپەڕ 2720

بەرپرسانی بەشی پێشمەرگەی حیزبەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەیەکیان بۆ باس و تاوتوێی چەندی و چۆنیی هاوکاریی نیزامیی نێوانیان پێک هێنا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی پووشپەڕ لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دووهەمین کۆبوونەوەی بەرپرسانی بەشی پێشمەرگەی حیزبەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێک هات.

لە سەرەتای ئەم دیدارەدا بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وتەیەکی کورتدا گرینگی و هەستیاری ئەم کۆبوونەوەیەی باس کرد و هیوای خواست دانیشتنەکە ئاکام و دەرەنجامی باشی لەپێناو بردنەپێشێی خەباتی هاوبەشی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لێ بکەوێتەوە.

دواتر و لە بڕگەی سەرەکیی دانیشتنەکەدا هەیئەتی خانەخوێ وێڕای خستنە بەر باسی کۆبەندی باسەکانی کۆبوونەوەی پێشوو، ئەرکەکان و تەوەری باسەکانی ئەم دانیشتنەیان دەستنیشان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی بەشی نیزامیی حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری ڕا و سەرنجی جۆراوجۆر و دەوڵەمەندیان لەسەر پرسی چۆنایەتیی هاوکاریی نیزامیی حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری باس کرد. هەروەها بە پێداگری لەسەر ئەوەی هاوکاریی نیزامیی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبەکانی کوردستانی ئێران زەروورەتێکی مێژوویی و، هاوکات هەرە گرینگی هەلومەرجی سیاسی و موباریزاتیی ئێستایە؛ لەسەر میکانیزمەکانی ئەم بابەتە هەستیار و گرینگە ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٦ـی پووشپەڕی ١٣٩٩ـی هەتاوی