کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکان لە ئێراندا بەردەوامن

08:34 - 27 رێبەندان 2721

ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکان لە سەراسەری ئێران لەبابەت چارەسەرنەکردنی کێشە و گرفتەکانیان و جێبەجێنەکرانی داواکانیان هەر بەردەوامە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندان کۆمەڵێک لە کرێکارانی کارخانەی "کیان‌تایر"ی ئیسلامشەهر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ئەو کرێکارانە لەبابەت گرینگینەدان بە دۆخی کار و دابیننەکردنی مووچەی مانگانەیان ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی چەندین لاستیکیان لەسەر شەقام سووتاندووە.

هاوکات  هەر ئەو ڕۆژە، کۆمەڵێک لە کرێکارانی دەرکراوی شیرکەتی "نەوەرد لوولە"ی شاری "ئەهواز" دژ بە دەرکرانیان لەو شیرکەتە لە بەردەم پارێزگاری پارێزگای "خووزستان" کۆبوونەوە و داوای گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا کرێکارانی گرووپی شیرکەتی "پۆڵا"ی شاری "ئەهواز" دەرحەق بە دوادانەچوون بۆ داواکانیان، بۆ دووەم ڕۆژ دەستیان لەکار کێشابووەوە و لە بەردەم پارێزگاری پارێزگای "خووزستان" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردبوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندان کۆمەڵێک لە پشکدارانی ماڵخوراوی بازاڕی دراو لە بەردەم دەزگای قەزایی ڕێژیم لە تاران کۆ ببوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو وداوای چارەسەریی کێشە و بەربەستەکانی سەر ڕێگایان کردبوو.