کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکان بەهۆی ڕاگواستنی ئاوی "هێلیل ڕوود" لە پارێزگای "کرمان" بەردەوامن

11:38 - 21 سەرماوەز 2721

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی پارێزگاکانی "ئیسفەهان، ئەحواز و چوارمەحاڵ و بەختیاری" بەهۆی بێ ئاوی، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی ئەو ناڕەزایەتییانە گەیشتنە پارێزگای "کرمان" و ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەز خەڵک، وەرزێڕان و چالاکانی ژینگەیی بۆ جارێکی دیکە پێشیان بە چوونە ژوورەوەی کرێکاران بۆ کارگەی هەڵکەندنی تونێلی ڕاگواستنی ئاوی "هێلیل ڕوود" گرت.

ئەو ناڕازییانە دوایان لە بەرپرسانی پرۆژە و بەرپرسانی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسداران، وەکوو بەڕێوەبەرانی ئەو پرۆژەیە کردووە کە دەبێ دەست هەڵگرن و بڕۆن، بەڵام خەڵکەکە وەک هەمیشە لەگەڵ هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەتەوە.

پرۆژەی ڕاگواستنی ئەو ئاوە کە لەلایەن مافیاکانی ئەو بوارەوە ئەنجام دەدرێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک هەتا ئەمڕۆ بە شێوەی فەرمی ڕاوەستابوو، بەڵام دیسان لەگەڵ دەسبەکاربوونیان لە کارگەی تونێلی ڕاگواستنی ئاوی "هێلیل ڕوود"، خەڵکەکە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەو ناوچەیە خێوەتیان هەڵ داوە و درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن.

ڕەخنەگران باس لەوە دەکەن کە ئەو پرۆژەیە جگە لە خەسار بە ڕووبارەکانی سەرچاوەی "هێلیل ڕوود"، "تاڵاوی جاموزیان" و ژینگەی سروشتی و گیانلبەران، زیانێکی قەرەبوونەکراو بە خەڵکی شارەکانی باشووری ئەو پارێزگایە دەگەیەنێت.

بڕیارە ئەو ئاوە بۆ باکووری پارێزگای "کرمان" ڕاگوێزرێت.