کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکان لە زیندانەکانی ئێران بەردەوامە

14:02 - 10 خاکەلێوه 2720

لە ماوەی ڕابردوودا و پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران، بەندکراوانی بەندیخانەکان لە زۆربەی شارەکاندا دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و مانگرتن و تەنانەت سووتاندن و ڕووخاندنی بەندیخانەکان.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوە، بەندکراوانی بەندیخانەی "ئەلوەند"، لە هەمەدان، ئەو بەندیخانەیان ئاگر داوە و هەتا ڕۆژی دوایی ئاگرەکە بەردەوام بووە.

پاش چەند کاتژمێر لە دەستپێکردنی ناڕەزایەتی لەو بەندیخانەیەدا، سپای تێرۆریستی پاسداران دەستی کردووە بە تەقەکردن لە بەندکراوەکان بە فیشەکی جەنگی و دەیان زیندانی کوژران و بریندار بوون.

هەروەها ئەو بەندیخانەیە لەلایەن ئەرتشی ڕێژیمەوە گەمارۆ دراوە و بەشێک لە بنەماڵەی بەندکراوان چوونەتە بەردەم بەندیخانە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هاوکات لە بەندیخانەکانی چەند شاری دیکەی ئێران و کوردستانیش وەک: "مەهاباد، سەقز، تاران، تەورێز، خوڕەم ئاوا و ئەلیگودەرز"، ناڕەزایەتی و تێکهەڵچوون لە نێوان بەندکراوان و بەڕێوبەرانی بەندیخانەکانەوە هاتووەتە ئاراوە کە چەندین بەندکراویش هەڵاتوون.