کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکان لە پارێزگای خوزستان بەردەوامن

11:50 - 11 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانی خۆڕەمشەهر، هەزاران کەس لە خەڵکی شارەکانی پارێزگای خوزستان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی خۆڕەمشەهر کۆبوونەوە و دژ بە دۆخی نەشیاوی ژیان و نەبوونی ئاوی خواردنەوە دژ بە ڕێژیم دروشمیان دا.

بەپێی دوایین هەواڵە بڵاوکراوەکان، شەوی ڕابردوو خەڵک لە شارەکانی ئەهواز، بەندەری ماهشەهر و سەربەندەر بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی خۆڕەمشەهر هەتا دەمەو بەیانی ئەمڕۆ لە شەقامەکاندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و لەدژی ڕێژیم دروشمیان داوە و بە زمانی عەرەبی یەزڵەیان خوێندووە.

ماوەی ٣ ڕۆژە خەڵکی ناڕازی لە شاری خۆڕەمشەهر و ئابادان لەهەمبەر وەزعیەتی خراپی ئاوی خواردنەوە لەدژی ڕێژیم کۆبوونەوەی ئێعترازی بەڕێوە دەبەن کە تەنانەت بووەتە هۆی تێکهەڵچوونی خەڵک و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم.

هەواڵدەریی ئیلنا لەسەر زاری عەلی ساری ئەندامی کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای خوزستان ئاشکرای کردووە دۆخی ژیان و ئاوی خواردنەوە بەتایبەت لە شارەکانی ئابادان و خۆڕەمشەهر گەلێک خراپە و ئاوی شارەکانی ئەهواز، کاروون، باویە، حەمیدیە و سووسەنگێردیش خراپە و بەرەو قەیرانی مرۆیی پەل دەهاوێ.

ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینانە هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیشی بەدوای خۆیدا هێنا؛ بێنیامین نێتانیاهوو ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ لە ئاخاوتنێکدا وێڕای هاوخەمی دەربڕین لەگەڵ دۆخی ژیانی هاووڵاتییان لە ئێران ڕایگەیاند: ئەوەی لە ئێراندا دەبیندرێ دژکردەوەی خەڵکە بەرامبەر بە ئابووریی لەحاڵی داڕمانی ئێرانە.

ناوبراو وتوویەتی: ئابووریی ئێران لەحاڵی داڕمانە؛ دەبێ لە داتاکان ورد ببینەوە؛ کۆماری ئیسلامی دەیان میلیارد دۆلار پارەی سەرفی دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم لە جیهان و ناوچەدا کردووە لەحاڵێکدا دەیانتوانی بەو پارەیە ژیانی خەڵکی ئێران بگۆڕن؛ خەڵکی ئێران مافی خۆیانە کە ئێعتراز بکەن.

جیا لە ناڕەزایەتییەکانی خۆڕەمشەهر و شارەکانی دیکەی پارێزگای خوزستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە چەندین شوێنی دیکەی ئێرانیش ناڕەزایەتی لەهەمبەر دۆخی نەشیاوی ژیان، گرانی، هەڵاوسان و داتەپینی ئابووریی بەڕێوە چووە.

هەر لەمبارەوە بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا پەیامی هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان لە ئازادیخوازی ئێران دەربڕیوە کە بریتین لە: نانسی پلۆسی، جان بووزمەن، باب مەنێندێز، تێد پوو، بێن کاردییەن، برێد شێرمەن، شیلا جەکسۆن‌لی، ستیڤ کۆهێن، جودی چۆ، ڕاڵ ڕووئیز، کەن باک و پال گووسار.