لە دوای هەرەسی بێ ئامانی گرانی، بێکاری و بارودۆخی خراپی بژێویی ژیانی خەڵک لە ئێران، لە زۆربەی شار و پارێزگاکان کرێکاران و فەرمانبەران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، کۆمەڵێک لە کرێکارانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئەهواز بەنیسبەت نەدانی مووچەی دواکەوتوویان لەبەر بینای ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئەو شارە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
بە هەمان شێوە لە "خۆی" لە پارێزگای ورمێ، کرێکارانی پاکبانی و فەزای سەوز لەبەر شارەداریی ئەو شارە لەهەمبەر نەدانی مووچەی ٥ مانگەیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
هەروەها لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی داهاتی ٥٠ لەسەدیی نەخۆشخانەکان لە ئێران، گرفت بۆ کادری دەرمانی و پەرستارەکان دروست بووە و هەر بەو مەبەستەش فەرمانبەرانی چەند نەخۆشخانە لە پارێزگاکانی "یەزد، خووزستان، کرمان، مەرکەزی، لوڕستان، خوراسانی ڕەزەوی و ورمێ" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.
لە درێژەی ئەو ناڕەزایەتییانەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، ٥٠٠ کرێکاری پێترۆشیمی لە "ماهشەهر"ی خووزستان مانیان گرتووە و داوای مووچەی دواکەوتوو و نەهێشتنی هەڵاواردن لەو شوێنەدا دەکەن.
هەر لەو پەیوەندییەدا کرێکارانی شیرکەتی "فلز پارس" بەنیسبەت نەدانی مووچەی ٦ مانگیان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای مافی خۆیان کردووە.
هەروەها مانگرتنی پیشەی ماشینسازیی "هێپکۆ" و نەیشەکەری "هەفت تەپە" بەردەوامە.