دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە کاردانەوە بە ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ئەگەری پیلاندانانی کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشکردنە سەر واشنگتۆن بە ماددەی ڕادیۆئەکتیڤ یان چەکی شیمیایی، هەڕەشەیەکی توندی لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد.
ترامپ ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، لە پەراوێزی لووتکەی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسێئان) لە فیلیپین، لە وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر پایتەختی ئەمریکا وتی: "ئەگەر شتێکی وا ڕوو بدات، ئەوە باجێک دەدەن کە تا ئێستا هیچ وڵاتێک نەیداوە."
ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران جەختی کردەوە کە ئەم پرسە زۆر بە جیددی وەردەگرن و ئەمەش نیشانی دەدات کە بۆچی نابێت کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
ئەم لێدوانەی ترامپ دوای ئەوە دێت کە کاناڵی "سیئێنئێن" ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر لە زاری حەوت بەرپرسی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە کە دەزگا هەواڵگرییەکان، زانیارییان لەسەر ئەگەری داڕشتنی پیلانێکی کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشکردنە سەر بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ترامپ لە واشنگتۆن، بە بەکارهێنانی "بۆمبی پیس" (بۆمبی ڕادیۆئەکتیڤ یان چەکی شیمیایی) دەست کەوتووە و تەنانەت باس لە شاردنەوەی ماددەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمب لەنێو خاکی ئەمریکادا کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە و ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپی، هەرچەندە دەزگا ئەمنییەتییەکان چاوەدێریی هەموو هەڕەشەکان دەکەن، بەڵام لە ئێستادا هەڕەشەیەکی دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە لە ئارادا نییە.