کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە کوردستان و ئێران کاردانەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی لێ کەوتووەتەوە

12:36 - 23 رێبەندان 2721

بڵاوبوونەوەی بانگەوازی شورای هاوئاهەنگیی مامۆستایانی ئێران لەبابەت خولێکی نوێی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان بۆ ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندان و سێشەممە ٣ی ڕەشەمە، مامۆستایانی کوردستان پێشوازییان لەو بانگەوازە کرد و هاوکات کاردانەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی لێ کەوتەوە.

بۆ ڕێگریکردن لەو کۆبوونەوانە، لە ئیدارەی پەروەردەی شارەکانی "سەقز" و "ساحێب"، هەڕەشە لە مامۆستایانی چالاکی بواری پیشەیی کراوە.

لە شاری سەقز و هەروەها شاری"ساحێب" بەرپرسی حێراسەت بەردەوام لە پەیوەندی لەگەڵ مامۆستایاندایە تا لە بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا پاشگەزیان بکاتەوە و ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ئەو ناڕەزایەتییانە بکات.

ڕێژیم لەو شارانە لە ڕێگای هەندێک مۆرەی خۆیەوە هەوڵ دەدات گوشار بۆ مامۆستایان بێنێت و بە بانگهێشتی مامۆستایانی چالاک و هەڕەشەکردن لێیان یان تکا و پاڕانەوە، ئەوان لە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان پاشگەز بکاتەوە.

هەروەها لەو پەیوەندییەدا هەندێک لەو مۆرانەی ڕێژیم لە ناوچەی "زێویە"ی سەقز لەنێو ڕیزەکانی مامۆستایان هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی دەدەن.