کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی ماڵدۆڕاوانی بوورس بەردەوامە

13:53 - 2 بانەمەڕ 2721

مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ماڵدۆڕاوانی بوورس لە ئێراندا بەردەوامە و لەو ناڕەزایەتییانەدا دژ بە ڕێژیمی ئێران و ڕێبەریی ڕێژیم دروشم دەدرێت.

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ماڵدۆڕاوانی بوورس لە ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١ی بانەمەڕ، لە هەندێک لە شارەکانی ئێران ناڕەزایەتیگەلێکی بەربڵاو بەڕێوە چووە کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە هەندێک لە ناوچەکانی تاران هەوڵی ڕاگرتنیان دا و کەشیکی ئەمنییەتییان پێک هێناوە.

خۆپیشاندەران لەو ناڕەزایەتییانەدا دروشمگەلێک وەک: "ڕووحانی دەبێ ئیعدام بکرێت"، "مەرگ بۆ مەجلیسی ئینقلابیـ"ـیان وتووەتەوە و دەوڵەت و مەجلیسیان لە بەرانبەر بەدیهاتنی ئەو قەیرانەدا بە بەرپرسیار زانیوە.

لە شاری ئیسفەهان ماڵدۆڕاوان بە هیوای چوونە ژوورەوە بۆ باڵاخانەی بوورس بوونە کە هێزە بەناو ئەمنییەتییەکان پێشیان بەو کارە گرتووە.

هاوکات لەگەڵ زیاتربوونەوەی ناڕەزایەتیی پشکدارانی بوورس لە حەوتووەکانی ڕابردوودا، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە تەورێز، وەزیری ئابووری و کاروباری دارایی بە تاوانبار لە بەرانبەر ئەو دۆخەدا زانیوە و بە جەختکردنەوە لەسەر بێ باوەڕیی خەڵک بە دەوڵەت باسی لە ماڵدۆڕاویی ٥٠ ملیۆن کەس لە ئێراندا کردووە.