کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکانی لە ئێران بەردەوامە

12:29 - 17 رەشەمه 2721

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمە کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی بەنداو و وزەخانەکانی شاری "ئەندیمشک" سەر بە پارێزگای "ئەلئەحواز" لەبابەت جیاوازیدانان لەنێوان کرێکاران و دامەزراندنی خەڵکی شوێنی تر ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ئەو کرێکارانە وتوویانە کە دەوڵەت لە کاتێکدا خەڵکی شوێنی دیکە لەو شیرکەتە دادەمەزرێنێت کە زۆربەی لاوەکانی ئەو شارە بێکارن و بۆ کار دەگەڕێن.

هاوکات کرێکارانی شارەداریی شووش لە پارێزگای "ئەلئەحواز"  و کرێکارانی شارەداریی "کوت عەبدوڵڵا" لە بەرامبەر فەرمانداریی "کاروون" لەبابەت وەدواکەوتنی مووچەکانیان بۆ ماوەی دوو مانگ و نەدانی حەقی بیمەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای جێبەجێکردنی خواستەکانیان کرد.

هەروەها لاوانی "پۆلدۆختەر" لە پارێزگای "لوڕستان" لەهەمبەر دۆخی خراپی ئیدارەکانی دەوڵەت لە ڕاپەڕاندنی کاری هاووڵاتییان لەو پارێزگایە ناڕەزایەتییان دەربڕی و دەنگی خۆیان بە گوێی بەرپرسانی دەوڵەت گەیاند.