
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی ڕێبەندان، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٢ی ڕێبەندان لەلایەن ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی ئێران، کۆمەڵێک لە دانیشتووانی شاری "خوڕەمشەهر" لە پارێزگای "ئەلئەحواز" لەهەمبەر دۆخی خراپی ئابووری و بژێویی خەڵک و کارشکێنیی بەرپرسانی پەیوەندیداری شار، ناڕەزایەتییان دەربڕی و ڕق و تووڕەیی خۆیان لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران لەبابەت چارەسەرنەکردنی کێشەکان نیشان دا.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕێبەندان کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی ساڵی ٩٩ی شیرکەتی "هەفت تەپە"ی شاری ئەهواز لەهەمبەر دۆخی خراپی مووچە و حەقدەستی مانگانەیان، ناڕەزایەتییان دەربڕی و دەرگای شیرکەتیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی داخست.
دۆخی خراپی ژیان لە ئێران و نەبوونی هەوڵی پێویست لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ کێشەی جۆراوجۆر بەرەوڕوو ببنەوە و لە بەرامبەر ئەو دۆخە خراپەدا مان بگرن و ناڕەزایەتی دەرببڕن و ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان زیاتر پەرە بستێنن.