کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەیەتییە کرێکارییەکان پەرە دەستێنن

10:58 - 13 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ناڕەزایەتیدەربڕینی کرێکاران لە شارەکانی ئێراندا بەردەوام زیاد دەکات؛ کرێکاران خوازیاری جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی خۆیانن و هیچ چەشنە هەڕەشەیەک نەیتوانیوە پێش بە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیان بگرێت.

ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، کرێکارانی فوولادی ئەهواز لە بیست و چوارەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا، کۆبوونەوە و خوازیاری جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان بوون.

ئەم کرێکارە ناڕازییانە بە کۆبوونەوە لە بەردەم نووسینگەی مـحەممەدعەلی مووسەوی جەزایری، نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانیان دا.

کرێکارانی فوولادی ئەهواز به درووشمگەلێکی وەک: "کلیلسازی درۆزن، کلیلی تەدبیرت کوا؟" ڕەخنەیان لە حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران گرت.

لەم ناڕەزایەتییانەدا، منداڵانی کرێکارەکانیش بە بەرز کردنەوەی درووشمی، "منداڵی کرێکارەکانین، لە گەڵیان دەمێنین" پشتیوانیی خۆیان لە باوکەکانیان دەربڕی.

هەر لەم پێوەندییەدا، کرێکارانی شارەداری خووزستان، شارەداری بیجاڕ لە پارێزگای سنە، شارەداریی ئەندیمشک و بەندەری خومەینی و هەروەها کرێکارانی قەتاری شاریی ئەهوازیش لەهەمبەر وەرنەگرتنی مووچەی چەند مانگی خۆیان لەم شوێنانەدا، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیدەربڕین و مانگرتن.

هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی لە نێوان چینی کرێکاردا، نەدانی مووچەی چەند مانگ و هەروەها نەدانی مافی بیمەکەیانە.

مانگرتنەکان به گشتی خەریکن پەرە دەستێنن، پێشتریش کامیۆندارانی سەرتاسەری ئێران بە دەرکردنی ڕاگەیەندراو دەستیان دایە مانگرتنی گشتییەوە و دژ به بڕیار و نادادپەروەرییەکان وەستانەوە؛ هەروەها مامۆستایانیش لە دوو بڕگەی جیاوازدا لەهەمبەر مافەکانی خۆیان مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند.

دەستبەسەر کردن و هەڕەشە کردن لە کرێکاران تا ئێستا نەیتوانیوە ئەوان لە داواکارییە ڕەواکانیان پاشگەز بکاتەوە و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام پەرە دەستێنن.