کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی برنج ڕۆژبەڕۆژ گرانتر دەبێت

11:58 - 13 رەزبەر 2721

لە بەردەوامیی گرانبوونی خواردەمەنییە سەرەتاییەکان، نرخی برنج لە چەند حەوتووی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە هەڵکشان کردووە. یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی گرانبوونی برنج، قەدەغەی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمەیە لە وڵاتانی بیانی و زۆربەی خەڵک توانای کڕینی نییە.

جۆرەکانی برنجی نێوخۆیی لە مانگی گەلاوێژەوە، پتر لە ٤٠ لەسەد بەرز بووەتەوە. خێرایی هەڵکشانی نرخی برنج لە ساڵەکانی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی بنەماڵە کوردستانی و ئێرانییەکان بە ڕێژەیەکی کەم لەو بەرهەمە کەڵک وەربگرن.

کەڵکوەرگرتی مانگانەی برنج لەنێو بنەماڵەکان لە ٦٧٠ گرەم لە ساڵی ٩٠ بۆ ٤٦٠ گرەم لە ساڵی ٩٨، کەمی کردووە.

لە ئێستادا نرخی کیسەیەک برنجی ٣٠ کیلۆیی نێوخۆیی، نزیک بە ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە، بە شێوەیەک نرخی هەر کیلۆ برنجی ئێرانی دەگاتە ٥٠ هەزار تمەن، لە ئاکامدا برنج لەسەر سفرەی کرێکار و ئەو کەسانەی کە مانگانەی بەردەوامیان نییە، دەسڕدرێتەوە.

ساڵی ٩٩ نرخی گرانترین برنجی نێوخۆیی کیلۆیەک بە ٣٥ هەزار تمەن بووە، بەڵام ئێستا نرخی خراپترین برنج گەیشتووە بە ٣٠ هەزار تمەن.

دابینکردنی خواردەمەنییەکانی خەڵک یەکێک لە ئەرکەکانی دەسەڵاتە، بەڵام دیکتاتۆرەکان هەوڵ دەدەن خەڵک برسی ڕابگرن؛ بەرپرسانی ڕێژیم بە برسی هێشتنەوەی خەڵک هەوڵیان دا پێش بە پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان بگرن، بەڵام ئەم پیلانەیان بۆ جێبەجێ نەبوو.