کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی تێنووس لە ئێران ٥٠ لەسەد بەرز بووە

12:35 - 8 خەرمانان 2721

گرانیی کاغەز بووەتە هۆی ئەوەیکه نرخی تێنووس، کە لە دەسپێکی سالی خوێندندا زۆرترین فرۆشی هەیە ٥٠ لەسەد بەرز ببێتەوە.

سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە یەک هەتا دوو مانگی دیکە، خوێندن بە شێوەی حزووری دەست پێ دەکاتەوە بەڵام ئەمساڵ وەکوو ساڵانی پێشوو لە بازاڕادا قەرەباڵغی بۆ کڕینی کەرەستەی خوێندن نییە.

لە چەند دەیەی ڕابردوودا بازاڕی کەرەستەی پێنووسین و پێداویستییەکانی دیکەی قوتابییان کە دەبێ بۆ خوێندن دابینی بکەن، یەکێک لە پیشە گرینگەکانی وەرزی هاوین لە کوردستان و ئێران بوو.

کڕینی پەڕاو، کەرەستەی پێنووسین، ساک و جلوبەرگی تایبەت یەکێک لە پێداویستییە هەرە گرینگەکانی قووتابییانن بۆ دەسپێکی خوێندن.

دابینکردنی ئەو کەرەستانە هەموو ساڵێک چینی هەژار لەگەڵ قەیران بەرەوڕوو دەکاتەوە.

هەر چەند لە ساڵی ١٤٠٠دا تێچووی ئینتێرنێت و پێداویستیی یاریدەدەری پەروەردە و فێرکردن بۆ بەشداربوون لە پۆلە ئانلاینەکاندا لانیکەمێکی لە پێداویستییەکانی دیکە نییە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی شەڕی فەرهەنگی وێنەی بەرگی تێنووسەکانی لە کارتۆنی بۆ وێنەی کوژراوانی "میلیشیاکان"، "قاسم سلێمانی"، و "مۆحسێن فەخریزاده"گۆڕیوە.