کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی خواردەمەنییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا هەروا بەرز دەبێتەوە

13:48 - 19 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بە دوای گرانبوونی سەرسوورهێنەری نرخی پیاز، ئەمجارە نرخی تەماتە بەرز بووەتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا هەروا درێژەی هەیە، به شێوەیەک دوای گرانبوونی لەڕادەبەدەری نرخی پیاز ئەمجارە نرخی تەماتە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

حەسەن سابیری هەرندی، بەرپرسی یەکیەتیی بارفرۆشان لەم بارەوە باسی لەوە کردووه، بە دوای ئەوەی کە لە ١٥ی خاکەلێوەدا هەناردەکردنی تەماتە بۆ دەرەوەی ئێران ڕێگەی پێ درا، نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی ئێراندا بە ڕادەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

بەم پێیە، تەماتە کە پێشتر لە بازاڕەکاندا بە نرخی ٢هەزار تمەن بە خەڵک دەفرۆشرا، ئێستا نرخەکەی ٦ تا ١٠ هەزار تمەنە.

 پشتیوانی نەکردنی ڕێژیمی ئێران لە بەشی کشتوکاڵ و هەروەها دابین نەکردنی ئیمکاناتی پێویست بۆ وەرزێران لە لایەن ڕێژیمەوە، یەکێک لەو کێشانەیە کە نرخی بەرهەمەکان بەتایبەت میوە و سەوزی بەرز دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی لە وڵاتانی دیکەدا، خۆی زیانی بەو بەشە گەیاندووە.

هەروەها، بەرزبوونەوەی ئەم کەلوپەلانە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا، به هاتنی لافاو لە شارەکانی ئێراندا، زیانێکی قورس لە بەشی کشتوکاڵ کەوتووە و ڕێژیمی ئێران جگە لە وادە و بەڵێنی درۆ، هیچ ڕێگاچارەیەکی بۆ ئەم قەیرانانە نییە.