کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی مریشک دیسان بە شێوەیەکی سەرسوورهێنەر بەرز بووەتەوە

12:24 - 24 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: نرخی بەرهەمە گۆشتییەکان بەگشتی ٢٠ لەسەد لە بەراورد لەگەڵ دوایین نرخی پەسەندکراویان گرانتر بوون.

بەپێی دوایین پەسەندکراوی دامەزراوی کونتڕۆڵی بازاڕ، کە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە ڕاگەیەنداروە، بەرزترین نرخی دیاریکراو بۆ هەر کیلۆیەک گۆشتی مریشک ٨١٧٥ تمەن دیاری کرابوو.

بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوەیە، ئەگەر سەرووتر لەم نرخە بەرهەمە گۆشتییەکان بفرۆشرێت، فرۆشیاران وەبەر سزا دەکەون؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێستە نرخی مریشک و بەرهەمە گۆشتییەکان بە ٢٠ لەسەدی زیاتر لە نرخی پەسەندکراو بە دەستی کڕیاران دەگات.

لەم پێوەندییەدا، مێهدی یووسفخانی، سەرۆکی یەکیەتیی سینفی فرۆشیارانی پەلەوەر و ماسیی تاران ڕایگەیاندووە، کە نرخی هەر کیلۆ گۆشتی مریشک، لە ڕێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر لە وردەفرۆشییەکانی نێو شاردا بە ١١ هەزار و ٤٠٠ تمەن گەیشتووە، کە بە نیسبەت حەوتووی پێشوو بەرزبوونەوەی دووبارەی بە خۆی دیوە.

ناوبراو، ئاماژەی بە نرخە جیاوازەکانی مریشک کردووە و ڕایگەیاندووە: نرخی هەر کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە مریشکدارییەکاندا ٧٤٠٠ تمەن و وردەفرۆشییەکاندا ١١ هەزار و ٤٠٠ تمەنە؛ بە وتەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، هەر کیلۆیەک هێلکە لە مریشکدارییەکاندا بە ٩٣٠٠ تمەن و لە وردەفرۆشییەکاندا ١٠ هەزار و ٥٠٠ تمەن دەفرۆشرێت.

 لە لایەکی دیکەش، سەید ناسر مووسەوی، جێگر سەرۆکی یەکیەتیی مریشک، هێلکە و ماسیفرۆشانی زەنجان، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر باسی لەوەی کردووە، کە نرخی هەر کیلۆ مریشک لەگەڵ کیلۆیەک هێلکە بەرانبەرە و ئەم نرخە ١٠ هەزار و ٥٠٠ تمەنە.

ئامارەکانی بانکی ناوەندیی لەو حەتوویەی کە بە ١١ی خەزەڵوەر کۆتایی هات، پیشانی داوە کە لە شاری تاران، نرخی هێلکە ٧/١ لەسەد، گۆشتی مریشک ٣/٣ لەسەد بەرز بووەتەوە.

هەڵکشانی نرخەکان لە هەموو پێداویستییەکاندا و چوونەسەرەوەی بێکاری دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی تواناییی کڕینەکان لە لایەن شارومەندانی ئێرانییەوە، بە جۆرێک کە تەنانەت توانایی کڕینی کیلۆیەک میوەی دڵخوازی خۆیانیان نییە و لە کۆتاییدا شوێندانەریی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان دادەنێت.