کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی نان دووبارە بەرز بووەتەوە

12:25 - 6 بانەمەڕ 2721

لە پارێزگای "سنە" کارگرووپی چاکسازیی نیزامی یارانەی گەنم، ئارد و نان ڕایگەیاندووە، بۆ یەکبوونی نرخی نانی پارێزگای "سنە" لەگەڵ نرخی نانی پارێزگاکانی دیکە پێرستێکی نوێی بۆ نرخی نان بە نانواخانەکانی ئەو پارێزگایە داوە.

بەپێی نرخی نوێی نان لەو پارێزگایە لە ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕ نانواخانەکان دەبێ بە نرخی نوێ نان بە خەڵک بفرۆشن بە جۆرێک کە نرخی یەک نان "لەواش" کە پێشتر بە ٢٥٠ تمەن دەفرۆشرا دەبێ بە ٣٠٠ تمەن بە خەڵک بفرۆشن.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکەوتی یەکی بانەمەڕ ئیدارەی دەغڵ و دانی پارێزگای "ورمێ" ڕایگەیاندبوو، نانەواخانەکانی ئەو پارێزگایە دەبێ یەک نان بە نرخی ٢٥٠ تمەن بە خەڵک بفرۆشن.

گرانبوونی نرخی نان لەحاڵێکدایە کە بەهۆی لەخوارەوەبوونی نرخی گەنم وەرزێڕان ناچارن بەرهەمەکانیان بۆ خۆراکی ئاژەڵان بە ئاژەڵداران بفرۆشن.

وەرزی هاوینی ئەمساڵ دوای ئەوەیکە نان لە ئێران کەم بوو، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ٣٠ هەتا ٤٥ لەسەد نرخی نانیان گرانتر کرد؛ ئێستاش خاوەن نانواخانەکان داوا دەکەن نان ٧٠ لەسەدی دیکە گران بکرێت.

گرانبوونی نان سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان و ئێران دەگرێتەوە و ئەوەش لە حاڵێکدایە ئێستاش زۆربەی بنەماڵەکان بە پارەی یارانە تەنیا دەتوانن نان دابین بکەن.