کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەر کیلۆ پەتاتە بووە بە ٩ هەزار تمەن

11:29 - 12 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی گرانبوونی خۆراکییەکان لە ئێراندا، پەتاتەش چووە ڕیزی خۆراکییە گرانەکانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوە لە هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە ڕێژیم، لە ڕۆژانی ڕابردوو لە بازاڕەکانی ئێراندا، هەر یەک کیلۆ پەتاتە، بە نرخی ٩ هەزار هەتا ٩٥٠٠ تمەن فرۆشراوە.

بەپێی ئامارەکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، ئەم خۆراکییانە لەچاو مانگی ڕابردوو، بەرزترین گرانبوونی نرخیان بووە: "پەتاتە بە ڕێژەی ١٣.٢ لەسەد، پرتەقاڵ (بەرهەمی نێوخۆ) بە ڕێژەی ١٠.٣ لەسەد و برنجی ئێرانیی دەرەجە یەک، بە ڕێژەی ١٠.٢ لەسەد".

هەروەها بەرزترین گرانبوونی نرخی مادە خۆراکییەکان، هەر لە مانگی جۆزەردان و بە بەراورد بە مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو بەم شێوەیەیە: "پەتاتە بە ڕێژەی ٢٩٦.٨ لەسەد، ڕوب بە ڕێژەی ٢٤٥.٦ لەسەد، پیواز بە ڕێژەی ١٥٦.٤ لەسەد، تەماتە بە ڕێژەی ١٤٣.٩ لەسەد و شەکر بە ڕێژەی ١١٩.٤ لەسەد".

لە دوای وەگەڕخستنەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، گرانییەکی لەڕادەبەدەر باڵی بەسەر بازاڕ و ژیانی خەڵکانی ئێراندا کێشاوە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەوپەڕی کەمتەرخەمییاندا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردن یاخود باشترکردنی دۆخی خەڵک هەڵناگرن.