
ڕۆژی چووارشەممە ١ی پووشپەڕ ناوەندی ئاماری ڕێژیم نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی شتومەک و خواردەمەنییەکانی لە مانگی "جۆزەردانـ"ـدا، ٥٢.٥ لەسەد ڕاگەیاندووە کە بەنیسبەت مانگی پێشوو ١٣.٢ لەسەد هەڵکشانی هەبووە.
بەپێی ئەو ئامارە هەر بنەماڵەیەکی لە کوردستان و ئێراندا بۆ کڕینی کۆمەڵێک "کاڵا و خزمەتگوزاری وێکچوو" بە شێوەی نێونجی ٥٢.٥ لەسەد بەنیسبەت مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو زیاتر پارەیان خەرج کردووە.
لەو پەیوەندییەدا "ئەمیرڕەزا سابتپێی" بەڕێوەبەری فێدراسیۆنی پیشەی خۆراکی ڕێژیم لە سەرەتای مانگی "جۆزەردانـ"ـدا بەدوای هەڵکشانی نرخی شتومەک و خۆراکی سەرەتایی بە تایبەت ڕۆن ڕایگەیاندبوو کە فرۆشی بەرهەمەکانی پێشەی خۆراک لە ئێراندا نیوە بووە.
هەروەها نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی بەشێک لە "خواردەمەنی، خواردنەوەکان و دوخانیات" هەتا ٣٢.٢ لەسەد بەرز بوونەتەوە و لە ئێستادا نرخی هەڵاوسانی ئەو کاڵایانە گەیشتووەتە ٨١.٦ لەسەد.
نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بۆ هەر بنەماڵەیەکی شارنشین ٤.٥١ لەسەد و بنەماڵەیەکی گوندنشین ٥٨.٢ لەسەد ڕاگەیەندراوە کە بەنیسبەت مانگی ڕابردوو بە ڕیز ١٢.٢ لەسەد و ١٨.١ لەسەد هەڵکشانیان هەبووە.