کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەڵاوسانی ئێران بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە

11:47 - 13 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لە نوێترین ئاماری "بانکی جیهانی" سەبارەت بە ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین نرخی هەڵاوسانیان هەیە، ئێران لە پلەی یەکەمدایە.

هەواڵدەریی "اقتصاد آنلاین"، سەبارەت بە هەڵکشانی نرخی هەڵاوسان نووسیویەتی کە ئەم هەڵکشانە زیانێکی زۆری بۆ هەموو وڵاتانی جیهان بەدواوە دەبێت.

بەپێی نوێترین ئاماری "بانکی جیهانی"، بە ڕیز وڵاتانی ئێران بە ٢٩.٩ لەسەد، تورکیە بە ١٦.٣ لەسەد و نێجریە بە ١٢.١ لەسەد، زۆرترین نرخی هەڵاوسانیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە و هاوڵاتییانیشیان لە هەڵکشانی ڕۆژ بە ڕۆژیی نرخی پێداویستییەکانی ژیان تووشی گرفت بوونە.

هەروەها لە بەرامبەریشدا، وڵاتانی سەنگاپووربە ٠.٤ لەسەد، ئیرلەند بە ٠.٥ لەسەد و ژاپۆن بە ١ لەسەد، بە ڕیز کەمترین  نرخی هەڵاوسانیان هەیە و لە لایکی دیکەوە، ئەو وڵاتانەی کە هەڵاوسانی خوارەوەی سفریان هەیە بە ڕیز وڵاتانی ئێکوادۆر مەنفی ٠.٢ لەسەد، مالدیۆ مەنفی ٠.١ لەسەد، ڕوواندا مەنفی ٠.٣ لەسەد و برۆندی مەنفی ٢.٨ لەسەدە.

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی شتومەک و کەلوپەلەکانی ژیان و خزمەتگوزارییەکان دادەنێت و بەرەبەرە ئاستی بەرهەمهێنان دادەبەزێنێت و گرانی بەدیاری دێنێت؛ هەروەها دەبێتە هۆی داخرانی یەکە و کارخانە پیشەسازییەکان و پەرەسەندنی بێکاریی زیاتر.

 سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێران و دووپاتبوونەوەی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران و لاوازبوونی سیستمی بانکی و کەمبوونی پارەی نەخت، بارودۆخی ئابووریی ئێرانی گەیاندووەتە ئاستێک کە وەک دەڵێن لە سنووری هۆشداری تێپەڕیوە.