کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەڵاوسانی ئێران زۆرترین نرخە لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانییەوە

11:01 - 15 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ئابووریزانان هۆشدارییان داوە لەمەڕ دۆخی شپرزەی ئابوریی ئێران و ڕایانگەیاندووە بارودۆخەکە زۆر لەوە مەترسیدارترە کە باس دەکرێت و بیری لێدەکرێتەوە.

هەواڵدەریی حکوومەتی ئیلنا ئاشکرای کردووە، ٥٠ ئابووریزانی ئێرانی لە نامەیەکدا سەبارەت بە دۆخی داسەپاو بەسەر ئابووریی ئێران هۆشداری جیددیان داوە و وتوویانە، بەهۆی بەردەوامی هەڵەکانی ڕابردوو و کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسان، خانەوارە ئێرانییەکان لەگەڵ هەڵاوسانێک بەرەوڕوو بوونەتەوە کە لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانییەوە ڕووی نەداوە.

ئەم کەسانە لە نامەکەیاندا کە ڕوو لە لێپرسراوانی رێژیم و خەڵکی ئێران بڵاویان کردۆتەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە "شۆکی ئەرزی چوارەم" هەرچی هەیە و نییە پێکەوە هەڵیدەلووشێت و لەنێوی دەبات.

سەبارەت بە شۆکە ئەرزییەکان نووسیویانە: شۆکی یەکەم لە پاییزی ساڵی ٧٢تاکوو زستانی ٧٣ درێژەی کێشا کە تەنیا یەکێک لە ئاسەوارەکانی هەڵاوسانی ٥٠%ی بوو، شۆکی دووهەم لە زستانی ٧٦ تاکوو زستانی ٧٧ هاتە ئاراوە، شۆکی سێهەم لە هاوینی ٩٠ تاکوو زستانی ٩١ تەمەنی کرد، بەڵام شۆکی چوارەم کە لە زستانی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێکرد تا ئێستا درێژەی کێشاوە و ڕوونیش نییە تا کەنگێ بەردەوام دەبێ.

بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە تەنیا چەند ڕۆژ پاش تویتی مامۆستای بەناوبانگی ئابووریی لە زانکۆی جانز هاپکینزی ئامریکا، پرۆفسۆر ستیڤ هانکێ هاتۆتە ئاراوە کە تێیدا سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ئێران و ئاستی هەڵاوسان لەم وڵاتە ئاشکرای کردووە کە نرخی هەڵاوسان ٣٥١%ە.

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی شتومەک و کەلوپەلەکانی ژیان و خزمەتگوزارییەکان دادەنێت و بەرەبەرە ئاستی بەرهەمهێنان دادەبەزێنێت و گرانی بەدیاری دێنێت؛ هەروەها دەبێتە هۆی داخرانی یەکە و کارخانە پیشەسازییەکان و پەرەسەندنی بێکاریی زیاتر، ئەمەش لە چەند حەوتووی ڕابردوودا و لە بەرەبەری دەسپێکی تەحریمە نوێیەکانی ئامریکا بەتەواوەتی خۆی دەرخستووە.