کوردستان میدیا: ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا نرخی هەڵاوسانی بۆ مانگی خەزەڵوەر بڵاو کردەوە.
ناوەندی ئاماری ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی پێوەری نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە مەسرەفییەکان، نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بۆ مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵی بە ڕێژەی ٣٤/٩% ڕاگەیاند؛ بەم پێیە هەر خانەوارێکی نیشتەجێ لە ئێران بۆ کڕینی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە مەسرەفییەکانیان ٣٤/٩% زیاتر لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو تێچوویان هەبووە.
نرخی هەڵاوسان بەپێی ڕاپۆرتی مانگی پێشووی ئەم ناوەندە واتە لە مانگی ڕەزبەردا ٣٢/٨% بووە کە نیشان لە بەرزبوونەوە و هەڵکشانی نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بە ڕێژەی ٢/١% دەدات.
هەروەها نرخی هەڵاوسانی ١٢ مانگی ڕابردوو بریتی بووە لە ١٥/٤% کە بەبەراورد لەگەڵ نرخی هەڵاوسانی مانگی ڕەزبەر ٢/٢% زیادی کردووە.
پێوەری نرخی کاڵا و شتومەکە مەسرەفییەکان واتە پێوەری هەڵاوسان لە مانگەکانی ڕابردوودا و پاش بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی ئەرز و گوشاری نەخدینەیی و کەمی بودجە هاتە ئاراوە؛ ئەگەرچی لێپرسراوانی رێژیم باس لە پلانداڕێژی وردی خۆیان بۆ کۆنترۆڵی بازاڕ دەکەن بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەم پلان و بەرنامانە هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە و کارناسانیش دەڵێن ئەم ڕەوتە لە مانگەکانی داهاتوودا خێراییەکی زیاتر بەخۆوە دەگرن.