کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەڵاوسان لە ئێران گەیشتووەتە ٤١ لەسەد

17:36 - 3 جۆزەردان 2721

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران نرخی هەڵاوسانی لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٠، بۆ بنەماڵەکانی ئێرانی ٤١ لەسەد ڕاگەیاندووە کە بەنیسبەت مانگی ڕابردوو ٢.١ لەسەد بەرز بووەتەوە.

هەروەها نرخی هەڵاوسان بۆ بنەماڵە شارنشینەکان ٤٠.٥ لەسەد و بۆ بنەماڵە گوندنەشینەکان ٤٣.٢ ڕاگەیەندراوە کە بۆ بنەماڵە شارنشینەکان ١.٩ لەسەد و بۆ بنەماڵە گوندنەشینەکان ٢.٦ لەسەد بەرز بوونەوەی هەبووە.

بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٠ گەیشتووەتە ٤٦.٩ لەسەد، بەو واتایە بنەماڵەکانی ئێران بە شێوەی نێونجی ٤٦.٩ لەسەد زیاتر لە بانەمەڕی ساڵی ٩٩ بۆ کڕینی کۆمەڵێک کەڵا و خزمەتگوزاری هاوشێوە، تێچوویان هەبووە.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بۆ گرووپێکی بەرچاو لە خۆراکیی، خواردنەوە و دوخانیات گەیشتووەتە ٦١ لەسەد و کاڵا غەیرە خۆراکی و خزمەتگوزارییەکان گەیشتووە ٤٠.٣ لەسەد.

لەو پێوەندییەدا ''ئێحسان خاندووزی" بەناو نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕ، لە پەیامێکی تویتەریدا نووسیبووی: "لەم دواییانەدا ڕێکۆردی ٧٥ ساڵەی هەڵاوسان لە ئێراندا شکاوە، ئەگەر وانییە با بانکی ناوەندی ڕاپۆرتی خاکەلێوەی ١٤٠٠ بڵاو کاتەوە".

خاندووزی هەروەها ڕایگەیاندبوو، کە هەڵاوسان لە ئێران تەنیا لە ساڵەکانی داگیرکراویدا لە سەردەمی شەڕی جیهانیی دووهەمدا گەیشتووەتە سەرەوەی ٥٠ لەسەد.

پێشتر ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران بە ئاماژەدان بە هەڵاوسانی ٣٩ لەسەدی لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی بۆ هەژارترین دەهەکەکانی ئەو وڵاتە ٥٠.٣ لەسەد ڕاگەیاندبوو.