کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی چایی لە بازاڕدا بەرز بووەوە

12:42 - 13 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لە بازاڕەکانی ئێراندا گرانی و نەبوونی کەلوپەل لە کێبڕکێدان و نرخی چایی لە بازاڕی ئێراندا ٤ قات بەرز بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، نرخی چای ئێرانی و چای خاریجی لە ٣٠ هەزار تمەنەوە هەتا ١٢٠ هەزار تمەن جیاوازیی هەیە.

دووکانداران لە بازاڕدا بەهۆی ئەو جیاوازیی نرخە، نرخی ڕاستەقینەی چایی بە کڕیاران نادەن.

گرانی لە سیستمی ئابووریی ئێراندا، لە جیاتی کۆنترۆڵکردن، ڕووی لە هەڵکشان بووە و لە دوای پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکانیش دژی ڕێژیمی ئێران، نرخی کەلوپەلە سەرەتایییەکان چەند قات بەرز بووەتەوە.

دابەزینی بەهای ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلاردا، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکاری گرانبوونی نرخی خۆراک لە ئێراندا لە قەڵەم دەدرێت و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ڕیاڵ یەک لەسەر سێ، بەهای خۆی لەدەست داوە.

لە بازاڕەکانی کوردستاندا، نرخی کەلوپەلی سەرەتایی وەک: "گۆشت، برنج، ڕۆن، مریشک و شیرەمەن"،ی بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە.

گرانبوونی سەرەکیترین پێداویستییەکانی خەڵک وەک نان، شیرەمەنی، قەند، چا و... کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە. ئەو کێشانەش لە جیاتی چارەسەرکردنیان تەنیا لە نێوان وادە و بەڵێنیی کاربەدەستانی ڕێژیمدا هەڵاوسراو ماونەتەوە.

بەڕێوەبەری و سیاسەتداڕێژیی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، نرخی دەوا و دەرمان، گەمارۆوە ئابوورییەکان و کێشەگەلی دیکە، بووەتە هۆی گرانی لە ئێران و کوردستاندا.