کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی کرێی ماشین لە ئێراندا ٢٠% گرانتر دەبێت

12:56 - 21 بانەمەڕ 2720

نرخی کرێی ماشینی نێوان شارەکان لە ئێراندا بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٢٠ لەسەد گرانتر دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و هاتوچۆی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە کە کرێی ئەو ماشینانەی کە بۆ هاتوچۆی گشتی بەکار دەهێنرێن لە نێوان شارەکانی ئێراندا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا ٢٠ لەسەد گرانتر دەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە ئەو گرانبوونە هەموو جۆرە ماشینێک وەک ''ئۆتوبووس، مینی بووس و سواری''ـش دەگرێتەوە.

هەڵاوسان و گرانیی بەهای شتومەک و کەلوپەلەکان و نرخی پێداویستییەکانی ژیان لە بازاڕەکانی ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەستێنێت.

بەناو بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم، جیا لەوەی کە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی کێشەکان نادەن، خۆیان بوونەتە سەرچاوەی سەرەکیی گرانیی بازاڕەکانی ئەو وڵاتە و بەشێوەی ڕۆژانە نرخەکان گرانتر دەکەن، هەربۆیە ئاماری هەژاری لە وڵاتی ئێراندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوونە.