کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیکەی ٢٤٠ ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی، دۆسیەسازی دژی زیندانییانی سیاسییان مەحکووم کرد

12:09 - 25 جۆزەردان 2722

نزیک بە ٢٤٠ ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئازادکردنی خێرای ''کەیوان سەمیمی'' ڕۆژنامەوانی زیندانی، دۆسیەسازییەکانی ڕێژیمی ئێران دژی هەموو زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتییان مەحکووم کرد.

لەو بەیاننامەیەدا بە دۆسیەی نوێ دژی ''کیوان سەمیمی'' ئاماژە کراوە و هاتووە کە بەرپرسانی ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا دژی ئەو ڕۆژنامەوانە، تەنیا بەهۆی بڵاوکردنەوەی بیر و ڕای خۆی لە کەناڵی تێلێگرامیی خۆیدا، دۆسیەیەکی نوێیان بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم، پێک هێناوە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ''سەمیمی'' بەرپرسی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئەنجومەنی بەرگریکردن لە ئازادیی چاپەمەنی و وەکوو بەتەمەنترین زیندانیی سیاسی لە ئێران، دوای ٦٠ دەیە چالاکیی سیاسی و مەدەنی و سەرەڕای ئەوەیکە بەهۆی توندوتیژیی سیستماتیک لە دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوو برای لەدەست داوە، هەروا دژی توندوتیژی جەخت دەکاتەوە.

ناوبراو ڕۆژی ١٩ی جۆزەردان لە کاناڵی تێلێگرامیی خۆیدا نووسیبووی: ''ئاشکرایە کە حکوومەت لە بەرامبەر بزووتنەوە گۆڕانخوازکان بەرگری دەکات و بەردەوام باسکی ئەو بزاوتانە واتە کۆبوونەوەی خەڵک دەکاتە ئامانج هەتا پێش بە بزووتنەوەیەکی گشتگیر بگرێت''.