کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیک بە ٢ ملیۆن بێکار لە "کوردستان و ئێران" تەمەنیان ١٨ هەتا ٣٥ ساڵە

11:56 - 14 رەزبەر 2721

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە هاوینی ئەمساڵدا لەنێوان حەشیمەتی تەمەن ١٥ ساڵە بۆ سەرەوە زیاتر لە ٢.٤ ملیۆن کەس بێکار بوونه و نزیک بە ٢٣.٤ ملیۆن کەسیش کاریان هەبووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە کۆی ٢ ملیۆن و ٤٩٦ هەزار کەسی بێکار لەو تەمەنەدا، ٨٩٠ هەزار و ٩١٢ کەس تەمەنیان ١٨ هەتا ٣٥ ساڵە.

بەپێی ئەو ئامارە ٧٢.٥ لەسەدی کۆی بێکاران کەسانێکن کە تەمەنیان ١٨ هەتا ٣٥ ساڵەیە.

لە ئێستادا لە ئێران بێکاری بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار کە سەرچاوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تری کۆمەڵگایە بەتایبەتی دیاردەگەلێکی وەکوو: "هەژاری، برسێتی، چوونە سەرەوەی ئاماری منداڵانی کار بۆ بژێویی ژیانی بنەماڵەکانیان، چوونە سەرەوەی ڕێژەی تەڵاق و هەڵوەشاندنەوەی ژیانی هاوبەش، قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان و...".

وێڕای ئەوەی کە ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران هیچکات لە هیچ بوارێکەوە و بەتایبەتی بواری ئامار، ڕێژەیەکی دروست و زانیارییەکی ڕێکوپێک بڵاو ناکەنەوە، هەواڵدەرییەکانی دەرەوەی ئێران بە شێوەی نافەرمی ڕێژەی بێکارییان لەو وڵاتە و لە سەرجەم بوارەکاندا، زیاتر لە ۷۰ لەسەد ڕاگەیاندووە، کە بەپێی ئەو ئامارە نافەرمییە، ئەگەری زاڵبوونی برسێتی بەسەر هەموو کۆمەڵگای ئێراندا ڕووی لە زیادبوون کردووە.