کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیک بە ٢ هەزار قوتابی لە کرماشان لە خوێندن بەجێ ماون

18:01 - 12 رەشەمه 2720

لە پارێزگای کرماشان یەک هەزار و ٩٥٠  قوتابی لە خوێندن بەجێ ماون کە شاری "هەرسین" بە ڕێژەی  ٢٨٥ قوتابی پلەی یەکەمی هەیە.

"حەسەن عەزیزی" بەڕێوبەری گشتیی پیشە و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی پارێزگای کرماشان وتوویەتی، یەک هەزار و ٩٥٠  قوتابی، بە هۆکاری جۆراجۆر لەو پارێزگایە وازیان لە خوێندن هێناوە.

بەپێی قسەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم، هەژاری و نەبوونی داهاتی بنەماڵەکان و هەروەها دابیننەکردنی تێچووی خوێندن بۆ قوتابییان لەلایەن ڕێژیمەوە یەکێک لە هۆکارەکانی وازهێنان لە خوێندنی قوتابییانە.

دەسپێڕانەگەیشتن بە ئینتێرنێت و نەبوونی کەرەستەی تایبەت بە خوێندن لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابییانن بۆ وازهێنان لە خوێندن.

لە ئێراندا ٥ پارێزگا زۆرترین ڕێژەی وازهێنان لە خوێندنیان هەیە کە قوتابییان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری واز لە خوێندن دێنن.

لە سەرەکیترین هۆکارەکانی وازهێنان لە خوێندن بەتایبەتی لە کاتی گشتگیریی کۆرۆنادا، بۆ دابیننەکردنی پێداویستیی تایبەت بۆ قوتابییان بە شێوەی یەکسان دەگەڕێتەوە.