کوردستان میدیا

چوارشەممه 30ی رەزبەر 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نووری مالکی" بێڕێزیکردن بە "عەلی سیستانیـ"ـی لە ڕۆژنامەی کەیهان مەحکووم کرد

11:10 - 7 رەزبەر 2720

"نووری مالکی" سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق  و سەرۆکی "حیزبی دەعوە" لە بەیانییەیەکدا بێڕێزیکردنی نوێنەری "عەلی خامنەیی" بە "عەلی سیستانی" مەرجەعی تەقلیدی شیعەکانی عێراقی لە ڕۆژنامەی "کەیهان"، بە بێڕێزی بە مەرجەعی شیعە و خەڵکی عێراق وەسف کرد.

"مالکی" لەو بەیانییەیەدا جەختی لەوە کردووەتەوە: "ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە، هەموو کاتێک لە ڕەوتی سیاسیی وڵاتدا پشتیوانیی لە سەقامگیریی تەناهیی عێراق کردووە و لە دژوارترین کاتەکاندا پشتیوان و پاڵپشتی خەڵکی عێراق بووە".

پێشتر "عەلی سیستانی" پیشوازیی لە "جێنین هنیس پلاسخارت" نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کردبوو بۆ چاوەدێریکردن لەسەر هەڵبژرادنەکانی پارلمانی عێراق و ئەمەش نیگەرانیی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتەوە.  

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا "حوسێن شەریعەتمەداری" نوێنەری "خامنەیی" لە ڕۆژنامەی کەیهان نووسیبووی: "بانگهێشتکردنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاوەدێریکردن بەسەر هەڵبژاردنەکانی وڵاتێکدا، نیشانەی شکستی ئەو وڵاتەیە و پشتکردنە لە نەتەوەی خۆی و خۆشبینییە بە بێگانە".