کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووشابە لە جیاتی پارەی خانەنشینی!

17:22 - 27 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: کارخانەی زەمزەم لە بڕیارێکی سەیردا لە جیاتی پارەی خانەنشینی بە خانەنشینکراوانی کارخانەکەی، نووشابەیان پێدەدات تاکوو بیفرۆشن!

کارخانەی زەمزەم کە یەکێکە لە بەناوبانگترین برەندەکانی خواردنەوەی گازدار لە ئێران بەهۆی قەیرانی توندی ماڵی، بڕیاری داوە لەباتی پارەی خانەنشینی نووشابە بە خانەنشینکراوەکانی بدات.

حەمید خەیرخاه، سەرۆکی ناوەندی خانەنشینکراوانی گورگان وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە وتوویەتی: "لە دوای شۆڕشەوە لە ساڵی ٥٧ کە کارخانەی زەمزەم لەلایەن بونیادی "مستضعفان و جانبازان" دەستی بەسەردا گیرا و بەڕێوەبەرییەکەی کەوتە دەس کەسانی ناشارەزا، ئێمە بەردەوام لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بووینەتەوە و دواجاریش بە هاتنی قەیرانی ماڵی بڕیارێکی لەم شێوەیان بەسەرماندا سەپاند.

کۆمپانیای زەمزەم خاوەنی ١٠ کارخانەیە کە نووشابە و خواردنەوەی گازدار بەرهەم دەهێنێت کە لە هەر کام لە کارخانەکانی زیاتر لە ٢١٠ کرێکار کار دەکەن و سەدان خانەنشینکراویشی هەیە، بەڵام ئێستا بەهۆی بێ‌پارەیی و قەیرانی ماڵی بڕیاریان داوە کە لەباتی پارەی "سنوات شغلی" نووشابەیان پێ بدەن تاکوو بۆخۆیان بەشێوەی وردەفرۆشی، بیانفرۆشنەوە.

بەهۆی گوشارە ئابوورییەکان و قەیرانی ماڵی زاڵبوو لە ئێران، یەکە بەرهەمهێنەرەکان بەردەوام لەگەڵ کێشە و قەیرانی نوێ بەرەوڕوو دەبنەوە و ڕۆژ نییە کە هەواڵی داخرانی یەکەیەک یان نیوەچالاک بوونی کارخانەیەک بڵاو نەکرێتەوە کە بەهۆیەوە چەندین کرێکار و کارمەند پەیوەست بە لەشکری بێکاران دەبن.