کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٢ نوێنەری کۆماریخوازی ئامریکا پشتیوانییان لە بڕیارنامەی دژی بەرجام کرد

12:11 - 27 رەشەمه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ٥٢ نوێنەری کۆماریخوازی ئامریکا پشتیوانییان لە بڕیارنامەی پێشنیاری "جیم نبکس" نوێنەری ویلایەتی "ئیندیانا" و سەرۆکی کۆمیتەی توێژینەوەی حیزبی کۆماریخوازی ئەو وڵاتە، بە دژی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران کرد.

"نبکس" لە بڕیارنامە پێشنیارییەکەیدا وتوویەتی: "ڕێککەوتنی نوێی بەرجام مەترسیی ئێرانێکی ناوکی بەرز دەکاتەوە، تێرۆریستەکان دەوڵەمەندتر و تەواوی ناوچەکە تووشی ناتەبایی و ئاژاوە دەکات، جگە لەوانەش هەر دەوڵەتێکی ئاسایی لە واشنتۆن نابێ بچێتە ژێر باری وەها ڕێککەوتنێکەوە".

ئەو نوێنەرەی ویلایەتی "ئیندیانا" لە درێژەدا باسی لەوەش کردووە: "هەر لەو ڕۆژانەدا بوو تێرۆریستە ئێرانییەکان هەڕەشەیان لە هاووڵاتییانی ئامریکایی کرد و وتیان لەنێو خاکی خۆتاندا تێرۆرتان دەکەین و حکوومەتی ئێران ڕاشکاوانە بەرپرسیارەتیی هێرشی مووشەکی بۆ سەر کۆنسولگەری ئامریکا لە هەرێمی کوردستانی وەئەستۆ گرت".

ناوبراو زیادی کردووە: "زۆر ڕوونە کە جۆ بایدن نەتەنیا لەگەڵ تێرۆریستەکان دانوستان دەکات بەڵکوو بە لابردنی گەمارۆکان چەندین میلیارد دۆلار پارە بۆ ئەو تێرۆریستە ئیرانییانە دەنێرێت".

ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەمە، ٤٩ نوینەری کۆماریخوازی ئامریکا لە بەیانییەیەکدا ڕایانگەیاندبوو کە پشتیوانی لە ڕێککەوتنی "بەرجام" ناکەن.