کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوینەرێکی مەجلیسیی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە سەرهەڵدانی سەرتاسەریی خەڵکی ئێران هۆشداریی داوە

13:04 - 11 رێبەندان 2721

"ئەحمەد نادری" یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "بەپێی ئەو بودجەیەی کە بۆ ساڵی داهاتوو تەرخان کراوە، لەوانەیە لە داهاتوودا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ناڕەزایەتیی سەرتاسەری بەڕێوە ببەن".

ئەو نوێنەرەی ڕێژیم لەو پەیوەندییەدا هۆشداریی داوە کە ئەگەر بەو ڕەوتە بڕۆینە پێشێ ئەگەری سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران دێتە ئاراوە.

ناوبراو لە دریژەدا وتوویەتی: " بۆ نموونە لەو بودجەیەدا، پارە بۆ زیانە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بە کەمیی تەرخان کراوە یان لە بابەتی گرینگ و هەستیار دانانی دراوی تەرجیحی دەوڵەت تووشی هەڵە بووە".

ئەو نوێنەرەی ڕێژیم وتوویەتی کە هەتا درەنگ نەبووە پێویستە پێداچوونەوەیەکی جیددی بەو شێوازە کارەدا بکەنەوە.

 "ئەحمەد نادری" لە بارودۆخێکدا ڕەخنەی لە بودجەی سالی ١٤٠١ گرتووە کە ڕۆژنامەی "کەیهان" و ڕۆژنامەکانی دیکەی دەسەڵات باسیان لە هەڵکشانی داهاتی دەوڵەت لە فرۆشتنی نەوتی ئازاد کردووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە دانیشتنەکانی ناوکیی "ڤییەن" بەشێوەی پچڕپچڕ هەتا ئێستا لە ئارادا بووە و هەروەها لایەنەکانی دانوستانکار، ناکۆکییەکی زۆریان لەنێواندا هەیە و بە ئاکامێکی ئەوتۆ نەگەیشتوون.

سەرەڕای ئەو ئیدعایانە، لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵێک سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵک لە کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو کە هەتا ئێستاش بەردەوامن، لەوانە ناڕەزایەتیی مامۆستایان، کرێکاران، فەرمانبەرانی بەشە جۆراوجۆرەکان، ژینگەپارێزی کە هۆکاری سەرەکییان بارودۆخی نالەباری ئابووریی و هەڵسوکەوتی سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆی ڕێژیمی ئێرانە.