کوردستان میدیا

یەکشەممە 18ی جۆزەردان 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنه‌ری حیزبی دێموكرات له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێده‌وڵه‌ته‌كاندا به‌شداریی کرد

10:46 - 24 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ٣١ـه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێده‌وڵه‌ته‌كان (UNPO)، به‌ به‌شداریی دوكتور "عه‌لی عه‌بدیلزاده‌"، جێگری بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و ‌نوێنه‌ری حیزب له‌م ڕێكخراوه‌دا،‌‌ به‌ڕێوه‌ چوو.

سه‌ره‌تای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ کە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی سه‌رماوه‌ز بەڕێوە چوو، به‌ په‌سه‌ندكردنی بڕیاری كاریی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد و پاشان سكرتێری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه ‌بێده‌وڵه‌ته‌كان ڕاپۆرتی شه‌ش مانگی ڕابردووی خۆی پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرد.

له‌م ڕاپۆرته‌دا، وێڕای تیشک خستنه‌سه‌ر پێگه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێده‌وڵه‌ته‌كان له‌ ئاستی جیهانیدا، باسێكی گرینگ له‌سه‌ر ستراتێژیی گشتی بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ڕێكخراوه‌كه‌ كرا.

له ‌بڕگه‌یه‌كی تری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، ڕاپۆرتی كار و چالاكییه‌كانی ٢٠١٩ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی سكرتاریه‌تیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێده‌وڵه‌ته‌كانەوە، پێشكه‌ش كرا.

پاشان تیشك خرایه‌ سه‌ر به‌رنامه‌ و چالاكیی یه‌ك ساڵی داهاتووی ڕێكخراو كه‌ دوای تاوتۆێكردن و هه‌ڵسه‌نگاندن، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ په‌سه‌ند كرا.

به‌شی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی بۆ باسكردن له‌سه‌ر داواكاریی ئه‌ندامه‌تیی چه‌ند لایەن له‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێده‌وڵه‌ته‌كان و به‌رنامه‌ داڕشتن بۆ كۆنگره‌ی ڕێكخراو له‌ ساڵی٢٠٢٠دا، ته‌رخان كرابوو.

ئەم كۆبوونه‌وه‌یە پاش دوو ڕۆژ كاری به‌رده‌وام، به‌ سه‌ركه‌وتوویی كۆتایی به‌كاره‌كانی خۆی هێنا.