کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی مۆدێلی باشوور بۆ داهاتووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بژاردەیەکی گونجاوترە؟

16:29 - 17 خەزەڵوەر 2726

مستەفا مەولوودی

پلاتفۆرمی «ئیرەم نیوز» (پلاتفۆرمی سەربەخۆی شیکاریی هەواڵ و میدیای دیجیتاڵی کە بە زمانی عەرەبی لە وڵاتی ئیماراتەوە بڵاو دەبێتەوە)، لە دیمانەیەکدا پرسیاری ئەوەی لێ کردم:

«تێڕوانینی ئێوە سەبارەت بە داهاتووی کورد لە ئێران چۆنە؟ ئایا ئەگەری هەیە هاوشێوەی هەرێمی کوردستانی عێراق (باشوور) یان کوردستانی سووریە (ڕۆژاوا) بێت؟»

 

وەڵامی من بۆ ئەو دەزگا میدیاییە بەم شێوەیە بوو:

کورد یەکێک لە پێکهاتە نەتەوەیی و سیاسییە سەرەکییەکانی جوغرافیای ئێرانە؛ خاوەنی خاکێکی بەرفراوان و حەشیمەتێکی زیاتر لە دە میلیۆن کەسە و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران هەیە. هەر بۆیە وەدیهاتنی دێموکراسی لە ئێران و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی یاسایی فیدراڵی لە کوردستان کە خاوەنی سەروەریی سیاسی و ئیداریی خۆی بێت، هەم خواستی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە لە ئێران، هەم دروشم و بەرنامەی سیاسیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەروویانەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

سەرەڕای ئەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەشێک لە نیشتمانی گەورەی کورد، هەڵگری تایبەتمەندی و واقیعێکی تایبەت بە خۆیەتی کە وێڕای هەموو خاڵە هاوبەشە نەتەوەییەکان، ئەم بەشە لە بەشەکانی دیکە جیا دەکاتەوە؛ بەو مانایەی ئەو ڕەوشەی لە باکوور یان ڕۆژاوای کوردستان هاتووەتە کایەوە، لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و ویستی خەڵک یەک ناگرێتەوە، بەڵکوو دوورەدیمەنی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ستاتۆ و پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە عێراق نزیکترە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەم وەڵامەم کەمێک زیاتر شی بکەمەوە. وەک شەهید دوکتور قاسملوو ئاماژەی پێ کردووە: «کوردستان یەک نیشتمانە و کورد یەک نەتەوەیە؛ ئەگەر ڕۆژێکیش یەک بگرێتەوە، ئەوە کەوتنەوە سەریەکە، نەک جیابوونەوە». حاشا لەو ڕاستییە ناکرێت کە خاڵە هاوبەشەکانی گەلی کورد لە سەرجەم بەشەکاندا زۆر و لێک ‌نزیکن، چ لە ڕوانگەی ویست و خواستی سیاسی و نەتەوەیی و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی، زمانی و فەرهەنگییەوە؛ بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەم یەکێتییە مێژوویی و نەتەوەییە، دەبێت بە واقعبینییەکی سیاسییەوە لە هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی کورد و دەستەبەرکردنی مافەکانیدا بین.

لە ڕوانگەی واقیعی یاسایی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە، کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە و هەر پارچەیەک لە چوارچێوەی سنوور و یاسا و ڕێسای تایبەت بەو دەوڵەتەدا کارلێک دەکات.

ئەو هۆکارانەی وا دەکەن ئەزموونی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژهەڵات ببێتە نموونەیەکی گونجاوتر بەراورد بە ئەزموونی باکوور یان ڕۆژاوا، ئەمانەن:

یەکەم: ئاوێتەبوونی مێژوویی و خەباتگێڕی؛ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە هەردوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووردا، بەتایبەتی لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی قووڵتر ئاوێتەی یەکتر بوون. ئەم کارلێککردنە چ لە کایەی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەدا و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا زۆر تۆکمە بووە؛ هەربۆیە ئەم دوو بەشە هەمیشە زۆرترین کاریگەری و ئیلهامیان لە یەکتر وەرگرتووە.

دووەم: هاوئاراستەیی لە داڕشتنی داخوازییە سیاسییەکاندا؛ گوتاری سیاسیی کورد لەم دوو بەشەدا بە قۆناغی زۆر هاوشێوەدا تێپەڕیوە. لە دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە تا ڕاپەڕینی جەماوەریی بەهاری ساڵی ١٩٩١ لە باشووری کوردستان، دروشمی سەرەکی لە هەردوو بەش بریتی بوو لە «خودموختاری (ئۆتۆنۆمی) لە چوارچێوەی وڵاتدا». دواتر لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە عێراق، ئەم خواستە لە باشوور گەشەی کرد بۆ «فیدراڵیزم» و لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا جێگیر کرا و قەوارەیەکی یاسایی، سیاسی و ئیداری بەخشییە هەرێمی کوردستان، هەرچەند هەموو خاکی باشووری کوردستانی لەخۆ نەگرتووە. هاوکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش زۆربەی هێزە سیاسییەکان دروشمی «ئێرانی دێموکراتیکی فیدراڵ»یان بەرز کردووەتەوە. بە سەرنجدان بە پێکهاتەی فرەنەتەوەیی ئێران، سیستەمی سیاسیی فیدراڵی گونجاوترین وەڵامە بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە.

سێیەم: ڕوونیی ستاتۆ و پێگەی دەستووری؛ لە ئەزموونی باشووری کوردستاندا، قەوارەی سیاسی و سنووری جوغرافیی هەرێم لە دەستووردا چەسپێنراوە؛ هەرچەندە هێشتا تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان نەگەڕاونەتەوە سەر هەرێم، بەڵام لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا خاوەنی پێگەیەکی یاسایی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە و خاوەنی هەر سێ دەسەڵاتی جیاوازی «یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری»ی خۆیەتی کە ئیرادەی سیاسی و بەڕێوەبەریی کوردی تێدا پیادە دەکرێت. ئەم ئەزموونە دەستوورییە، هاوتەریبە لەگەڵ ئەو ڕێچکەیەی کە کۆماری کوردستان وەک سەرچاوەی دەسەڵاتداریی نەتەوەیی دایمەزراند و ئەمڕۆش وەک خواستێکی بنەڕەتیی خەڵک و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پێداگریی لەسەر دەکرێت.

لە بەرامبەردا، ئەو پرۆسە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئیدارییەی لە ڕۆژاوا یان باکووری کوردستان لە ئارادایە، وێڕای ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان لەو دوو بەشەدا، تا ئێستا نەبووەتە خاوەنی پێگەیەکی دەستووری و دانپێدانراوی جێگیر لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستانی باشووردا دەبینرێت. لەبەر ئەم هۆکارانە، پێم وایە ئەگەر ڕۆژهەڵات ئیلهام لە مۆدێلێک وەربگرێت، زیاتر لە فیدراڵیزمی دەستووریی باشوورەوە نزیک دەبێت.

لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەمەوە: ئەوەی من وەک نموونە ئاماژەی پێ دەکەم، تەنیا بریتییە لە «ستاتۆی سیاسی، پێگەی دەستووری و قەوارەی فیدراڵی» کە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنراوە، نەک شێوازی بەڕێوەبردن و حکومڕانیی نێوخۆیی؛ چونکە چۆنیەتیی ئیدارەدان و ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان، پرسێکی نێوخۆیی تایبەتە بە دانیشتووانی باشووری کوردستان و من بە مافی خۆمی نازانم لەو بارەیەوە داوەری یان هەڵسەنگاندن بکەم.