کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی ئورووپایی خوازیاری بە تێرۆریست ناساندنی "حیزبوڵڵا"ی لوبنانن

12:37 - 28 پووشپەڕ 2720

کۆمەڵێک لە نوێنەران و یاسادانەرانی ئورووپایی، "حیزبوڵڵا"ی لوبنانیان وەک خوێنڕێژترین گرووپی سەر بە ڕیژیمی ئێران ناساند و خوازیاری بە تێرۆریست ناساندنی ئەو گرووپەن.

٢٣٠ کەس لە  نوێنەران و یاسادانەرانی ئورووپایی لە نامەیەکدا ڕوو لە یەکیەتیی ئورووپا خوازیاری بە تێرۆریست ناساندنی "حیزبوڵڵا"ی لوبنانن.

نوێنەرانی ئورووپایی ئەو گرووپە تێرۆریستییەیان وەک خوێنڕێژترین گرووپی سەر بە ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندووە کە تێرۆریستی جیهانی ڕێنوێنی دەکات و دێموکراسیی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە.

گرووپی تێرۆریستیی "حیزبوڵڵا"ی لوبنان لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە لەلایەن "خومەینیـ"ـەوە لە لوبنان دامەزراوە  و لە بواری نیزامی، ڕاهێنان و ماڵییەوە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە یارمەتی و دابین دەکرێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەت و ئامانجی خۆی لە ناوچەکە و بۆ کردەوەی تێرۆریستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا کەڵکیان لێ وەردەگرێت.

یەکیەتیی ئورووپا لە ساڵی ٢٠١٣ لقی نیزامیی "حیزبوڵڵا"ی خستووەتە لیستی ڕەشی خۆیەوە و هەنووکەش نوێنەران و یاسادانەرانی ئورووپایی خوازیاری بە تێرۆریست ناساندنی هەر دوو لقی نیزامی و سیاسیی  ئەو گرووپەن.