کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەدژی هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتی دەربڕی

12:16 - 7 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیامێکدا ئاماژەی بە پێشلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرد.

بەپێی قسەکانی نوێنەری ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیکی هێلی، ڕاپۆرتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەیەکن بۆ ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵ بۆ شوێنە جیاوازەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەنێرێت و بە پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت پێشێل دەکات.

ناوبراو لە قسەکانیدا وتی: ڕێژیمی ئێران ئەو تێچوویەی کە بۆ حووسییەکان، حیزبوڵڵا، حەماس و بەشار ئەسەدی بەکاری دێنێ، هەتا ناوچەکە و دنیای پێ بشێوێنێت، زیاتر لەو تێچوویەیە کە لە پێداویستییە نێوخۆیییەکان بەکار دەچێت.

نوێنەری ئامریکا باسی لەوە کرد، کە ئامریکا کارە تێکدەرانە و ڕووخێنەرانەکانی ڕێژیمی ئێران بێوڵام ناهێڵێتەوە و داوای لە سەرجەم ئەندامانی شۆرای ئەمنییەت کرد، کە ئەوانیش لە هەمبەر ڕێژیمی ئێراندا وەها هەڵوێستێکیان هەبێت.

دانیشتنی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵی پەسەندکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ بوو، کە لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لە لایەن ئێران و شەش زلهێزی جیهان بەتایبەت ئامریکا پەسەند کرا.

شایانی باسە کە لەم دانیشتنەدا "ڕۆزی دیکارلۆ" جێگری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کردووە، کە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە رێژیمی ئێران دەکات، کە کۆتایی بە نیگەرانییەکان لەمەڕ مووشەکی بالستیکی بێنێت، کە نوێنەری ڕووسیە، "واسیلی نبنزیا" لە هەمبەر ئەم پێشنیارە هەڵوێستی توندی گرت.