کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیستی فەرانسەدا بەشداریی کرد

23:01 - 19 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: خۆسرەو عەبدوڵڵاهی ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ٣٧ەـمین کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیستی فەرانسەدا بەشداریی کرد.

ڕۆژانی ١٢ تا ١٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە سەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی کۆمۆنیستی فەرانسە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خۆسرەو عەبدوڵڵاهی ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بە نوێنەرایەتی لە دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، لە ٣٧ەـمین کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیست کە لە شارەکانی پاریس و سان‌دۆنی بەڕێوە چوو، بەشداریی کرد.

ڕۆژی یەکەمی کۆنگرە، کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و پێشکەوتن پێکهات.

لەو کۆنفڕانسەدا کە لە بینای ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسە لە پاریس بەڕێوە چوو، نوێنەرانی دەیان حیزب و ڕێکخراوی سیاسی، پێکهاتوو لە چەپ و کۆمۆنیست و دێموکرات لە سەرتاسەری جیهان و ژمارەیەک لە کەسایەتییەکان، بەشداربوو لە دەوڵەتی و کارناسانی پرسە نێودەوڵەتییەکان بەشداربوون و کاری خۆیان بە شێوەی خوارەوە بەڕێوە برد.

یەکەم: پێشگرتن لە شەڕ لە ئورووپا و نوژەنکردنەوەی ئەمنیەتی هاوبەش لە ئورووپا و دروستکردنی ئورووپایەکی دیکە
دووهەم: هەوڵ‌دان بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکی سیاسی بە جێگای شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نزیک و هەروەها دروستکردنی ئاشتیی دادپەروەرانە و پتەو، وێڕای گەشەی مرۆیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەکوو ئەولەویەتی جیهانی.

سێهەم: لەو ڕاستایەدا کە ئاشتی، ماف و گەشە لێک جیا ناکرێنەوە، دەبێ ئەو بۆمبانەی کە لە لایەن ڕۆژئاواوە لە ئافریقا چێندراون لە ناو بچن و دەبێ ئیزن بدرێت کە خودی ئافریقاییەکان بۆ داهاتووی خۆیان کارێک بکەن و بڕیار بدەن.

چوارەم: دروستکردنی جیهانێکی دیکە هەمیشە ئەگەری هەیە.
گوتاربێژانی هەر بەش، لە سەر پێویستیی دووری‌کردن لە شەڕ بۆ چارەسەرکردنی پرس و کێشەکان و هەروەها لەبەرچاوگرتنی مافی گەلان، دەستێوەردانی لایەندارانە خۆ ببوێرن و لە سەر دیپلۆماسی و ئاشتیخوازانە پێداگر بن.

کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیست لە ڕۆژانی ١٣ تا ١٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی لە شاری سان‌دۆنی سەر بە شاری پاریس بەڕێوە چوو.
لە بەشێکی دیکە لە کاری کۆنگره، پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی فەرانسە و هەروەها سیاسەتەکانی حیزبی کۆمۆنیست لە بەرەوپێشبردنی پرس و کێشەکان لە لایەن نوێنەرانی فێدراسیۆنی حیزبە کۆمۆنیستەکان باسی لە سەر کرا.

بەشێکی دیکە لە کاری کۆنگره لە سەر پرس و کێشە نێو نەتەوەییەکان و ڕۆڵی فەرانسە لەو بارەوە وەک کێشەی فەلەستین، دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەت تاوانەکانی داعش لە سووریه و عێراق و کوردستان و هەروەها قەیرانی پەنابەران و شەڕ لە کوردستانی باکوور و... هتد، تەرخان کرابوو.

بەشێکی دیکە لە باسەکانی کۆنگرە بۆ بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزبی کۆمۆنیست و هەڵبژاردنی ناوەندەکانی ڕێبەریی ئەو حیزبە تەرخان کرابوو، لەو بارەیەوە پییەر لۆرانت دیسان بوو بە سکرتێری گشتیی حیزبی کۆمۆنیستی فەرانسه.

لەو کۆنگرەیەدا، سەرەڕای ئەندامانی ڕێبەری، بەرپرسانی دەوڵەتی و نوێنەرانی فێدراسیۆنەکانی حیزبی کۆمۆنیست لە سەرتاسەری فەرانسە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هەیئەتی نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە بیانییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا بەشدار بوون.

خۆسرەو عەبدوڵڵاهی لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەدا، سەرەڕای چاوپێکەوتن لەگەل بەرپرسانی حیزبی کۆمۆنیست، لەگەڵ ژمارەیەک لە هەیئەتی نوێنەرانی بیانی و کەسایەتییەکانی بەشدار لەو کۆنگرەیەدا کۆبووەوە و لە سەر پرسەکانی تایبەت بە ناوچەکە و بە تایبەت دۆخی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە قەیران سازی لە ناوچەکەدا ئاڵوگۆڕی بیر و ڕایان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی گەلان، تەنیا حیزبی کوردستان بوون کە بە بوونی نوێنەر بەشداری ئەو کۆنگرەیە بوون.